هەڵمەتی دووەمی رشاندنی ئاژەڵ بە دەرمان تەواو بوو؛ "نزیکەی 2 ملیۆن ئاژەڵ رشێندراون"
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، لە وەرزەکانی پاییز و زستانیشدا مەترسیی تای خوێنبەربوون هەیە، بەڵام لە هاوینان زیاترە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "بە مەبەستی خۆپارێزی، لە قۆناخی دووەمی رشاندنی ئاژەڵدا نزیکەی 2 ملیۆن ئاژەڵ بە دەرمان رشێندران."
رۆژی یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، د. فەرەیدوون حەمەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تای خوێنبەربوون لە وەرزی بەهارەوە تاوەکو تەواوبوونی وەرزی گەرما زۆر دەبێت و زیاتر بڵاودەبێتەوە، ئەمە بەو مانایە نییە کە لە وەرزی سەرمادا نامێنێت، بەڵکو لە وەرزەکانی پاییز و زستانیشدا دەمێنێت، بەڵام مەترسییەکەی و بڵاوبوونەوەی کەمترە."
بە گوتەی د. فەرەیدوون حەمەد، هەموو ساڵێک لە کۆتاییەکانی وەرزی بەهار و سەرەتای وەرزی پاییزدا وەک خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون، ئاژەڵ و شوێنەکانیان بە دەرمان دەڕشێندرێن و دەرزیش لە ئاژەڵەکان دەدرێ.
بەڕێوەبەری تەندروستیی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "لە قۆناخی یەکەمدا 2 ملیۆن و 284 هەزار و 257 ئاژەڵ لە 2,622 گوند بە دەرمان رشێندران."
فەرەیدوون حەمەد باسی لەوەش کرد: "لە زستاندا هەڵمەتی رشاندنی ئاژەڵ دەوەستێ، بەڵام رشاندنی شوێنەکانیان و دەرزی لێدان بەردەوام دەبێ."
دوایین جار رۆژی 24ـی ئەیلوول وەزارەتی تەندروستی تووشبوونێکی دیکەی تای خوێنبەربوونی لە هەولێر راگەیاند. د. فەرەیدوون حەمەد گوتی: "لە نێوەڕاستی مانگی ئەیلوولەوە هەڵمەتی دووەمی شوشتن و رشاندنی ئاژەڵ لە دهۆک، زاخۆ، هەولێر و سۆران دەستی پێکرد و دواتر هەموو شوێنەکانی دیکەی گرتەوە تاوەکو هەموو ئاژەڵان بە دەرمان شۆردران کە نزیکەی دوو ملیۆن ئاژەڵن."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە قۆناخی یەکەمدا لە کۆتاییەکانی بەهار زیاتر لە 2 ملیۆن ئاژەڵ بەم شێوەیە بە دەرمان شۆردران:
مەڕ؛ یەک ملیۆن و 758 هەزار و 153 سەر ئاژەڵ
بزن؛ 489 هەزار و 486 سەر ئاژەڵ
مانگا؛ 36 هەزار و 618 سەر ئاژەڵ
ئەم ساڵ 11 کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون؛ 3 کەس لە هەولێر، 2 لە سلێمانی، 6 کەس لە دهۆک کە 3ـیان گیانیان لەدەست دا و پێنج کەسیش لە کەرکووک تووشبوون و چواریان گیانیان لەدەستدا.