عیماد ئەحمەد: پاش مام جەلال من ئاگاداری دۆسیەی نەوتم

رووداو - هەولێر

عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر نەخۆشكەوتنی دامەزرێنەر و كەسی یەكەمی حیزبەكەی، دەڵێ "غیابی تاڵەبانی نەك تەنیا كاریگەری بۆ سەر یەكێتی هەبووە، بگرە كاری كاك مەسعودیشی قورس كردووە". عیماد ئەحمەد داوای لە حیزبەكەی كرد كە هەرچی زووترە تەفاهوم لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بكات.

عیماد ئەحمەد، لەمیانەی هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (رووداو) كە بڕیارە سێشەمە 17/12/2013 بڵاوبكرێتەوە، باسی تێپەڕبوونی ساڵێك لە غیابی تاڵەبانی دەكات لەنێو یەكێتی و پێیوایە تاوەكو ئێستا هیچ كەسێك نەیتوانیوە مەدرەسەو سیاسەتێكی جیا لە سیاسەتی تاڵەبانی لەنێو یەكێتیدا دروستبكات "هەیبەت و رووحی مام جەلال لەنێوماندایەو مەدرەسەی مام جەلال و سیاسەتی ئەو تاوەكو ئەم ساتەش لەنێو یەكێتیدا ماوە".

جەلال تاڵەبانی (80 ساڵ)، سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراق لە 17/12/2012 لە شاری بەغدا تووشی "جەڵتەی مێشك" هات و لەوكاتەوە تاوەكو ئێستا جگە لەهەندێ فۆتۆ هیچ وێنەیەكی ڤیدیۆیی بڵاونەبووەتەوە.

نوێترین دەنگ و باس لەبارەی تەندروستی تاڵەبانی، بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەكی بوو لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری و شاناز ئیبراهیمی خوشكی كە تاوەكو ئێستا جگە لەوان هیچ بەرپرسێكی باڵای یەكێتی نەیاتوانیوە بیبینێ.

عیماد ئەحمەد كە دەڵێت تاڵەبانی زۆر پشتیوانی بووە كاتێك بووەتە جێگری سەرۆكی حكومەت لەكابینەی پێشوو، گوتی "هێرۆخان سڵاوی منی گەیاندووەتە مام جەلال و هەر لەوێ بەمنی گوت كە تەندروستی زۆر باشە و پێش بڵاوكردنەوەی وێنەكانی ئاگادار بووم كە تەندروستی زۆر باش بووە و رۆژ بە رۆژیش بەرەو باشتر دەڕوات".
هیچ شتێكمان لەبارەی پەیوەندییەكانی پارتی و گۆڕان لێ نەشاردراوەتەوە

بەبڕوای عیماد ئەحمەد، غیابی تاڵەبانی تەنیا كاریگەری لەسەر یەكێتی نەبووە و وەك ئەو گوتی "ئەركی كاك مەسعودیش زۆر قورس بووە كە مام جەلال لێرە نییە. ئینجا چ بۆ سیاسەتی هەرێمایەتی، یان عێراقی و بگرە بۆ نێوخۆی هەرێمی كوردستانیش".

دوای چەند كاژێرێك لە بڵاوبوونەوەی وێنەكانی تاڵەبانی، هەندێ دەنگ لەنێو یەكێتیدا بیسترا كە بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانە لەم كاتەدا زیاتر پەیامێك بووە بۆ نێوخۆی یەكێتی و ئەوانەی دەیانەوێ لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتیدا كە بڕیارە لە 30/1/2014 ببەسترێ، هەوڵ بدەن بۆ جێگرتنەوەی سكرتێری گشتی، بەڵام عیماد ئەحمەد دەڵێ پێش بڵاوبوونەوەی وێنەكانیش "گوتوومانە كەس شوێنی مام جەلال ناگرێتەوە". هەرچەندە گوتیشی "رەنگە یەكێك دەستنیشان بكەین بۆ ئەوەی بە فیعلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بێت و بتوانێ كاروباری یەكێتی لە غیابی مام جەلالدا راپەڕێنێ".

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی روونتر باسی بەڕێوەبردنی یەكێتی دەكات لە غیابی تاڵەبانیدا و بە كارێكی ئاسانیشی نازانێ "ئاسان نییە شوێنی تاڵەبانی پڕبكەینەوە ئەگەر بە دەستەجەمعی نەبێ، چونكە مام جەلال كەسێكی ئاسایی نەبوو".

بكوژەكەی سەروەت ئاشكرا دەبێ

عیماد ئەحمەد لەبارەی بارودۆخی ئەمنی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان قسەی كرد كە لەم ماوەیەدا چەندین رووداوی تیرۆركردنیان بەخۆوەبینی، بەتایبەتیش تیرۆری بەرپرسی پاسەوانە تایبەتییەكانی مام جەلال لە سلێمانی و رۆژنامەنووس كاوە گەرمیانی لە كەلار. 
سەرەداوی كوشتنی بەرپرسی حیمایەی مام جەلال دەركەوتووە 

لەوبارەوە سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەربڕی كە تەركیزێكی زۆر خراوەتە سەر یەكێتی، گوتیشی كە ئەو تەركیزەی لەسەر یەكێتی كراوە لەمەسەلەی كاوە گەرمیانی "ئیجحاف" و ناحەقیە. لەبارەی رووداوی كوشتنی سەروەت حەمە رەشید بەرپرسی پاسەوانە تایبەتەكانی تاڵەبانیش كە لە 20/11/2013 لە ماڵەكەی خۆیدا كوژرا، زانیاری نوێی ئاشكرا كرد و گوتی "لە قەزیەی سەروەت سەرەداویان دۆزیوەتەوە و هەندێ مەسەلەی ئەمنی و دادگا ماون بابەتەكە رابگەیەنن و بكوژەكانیشی كوردن، بەڵام ناتوانم ئێستا ئاشكرای بكەم". 

عیماد ئەحمەد ئەوەشیگوت كە "لای ئێمە زانیاری سەرەتایی هەیە و بڕوام وایە لەنزیكترین كاتدا بڵاودەكرێتەوەو بكوژەكانیش لەنێو یەكێتیدا نین".
 
یەكێتی لەسەر ناوێك رێك نین

عیماد ئەحمەد پێیوایە ئەو هەیكەلیەتەی ئێستا یەكێتی بەڕێوەدەبات ناتوانێ كارەكانی خۆی بكات، بۆیە سەركردایەتی یەكێتی بە "تەفاهوم" بەرنامە و كارنامەی كۆنگرەی چوارەم ئامادە دەكەن "هەموو كێشەكانی یەكێتی لە كۆنگرە چارەسەر ناكرێن ئەگەر پێشتر ئامادەكاری و تەوافوقیان لەسەر نەكرابێ".

هەروەها باس لەوە دەكات كە تاوەكو ئێستا لەسەر ناوێك رێك نین لە كۆنگرە هەڵبژێردرێ و ببێتە كەسی یەكەمی یەكێتی و لەجێی تاڵەبانی بڕیار بدات " هەیكەلیەتی یەكێتی بەسەرچووەو دەبێ بەڕێوەبردنی یەكێتی بەهەیكەلیەتێكی تازە بێت و دەبێ ئەندامێك هەڵبژێرین كە ببێتە جێگرەوەی مام جەلال و بە فیعلی برادەرانیش سەیری رۆڵ و قسەی بكەن و خۆیشی بێتە ژێر هەڵگرتنی ئەو بارە قورسەی یەكێتی و ئەركی یەكێتی هەڵگرێ و هەمووشمان پشتیوانی دەكەین".

شوكر دەزانین چەندین
لەگەڵ گۆڕان هەرچی زووتر تەفاهوم بكەین باشترە

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەساڵی 2007ەوە بەفەرمی بووە بە هاوپەیمانی ستراتیژی پارتی دیموكراتی كوردستان و سێ كابینەی حكومەتیان بە هاوبەشی پێكهێناوە. بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی 21ی ئەیلولی ئەمساڵی پەرلەمانی كوردستاندا، دەنگەكانی یەكێتی بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كرد و لە ریزبەندی زلهێزەكاندا بووە حیزبی سێیەم.عیماد ئەحمەد دەڵێ "شوكر یەكێتی ئێستا دەزانێ دەنگی حەقیقی چەندەو بەو دەنگە ئیدی دەتوانین سیاسەت دابڕێژین، پێشتر نەماندەزانی دەنگی ئێمە چەندە".

لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی عیماد ئەحمەد دەڵێ "پارتی لە مەسەلە ئەساسیەكان مەسئولانە مامەڵەی لەگەڵ یەكێتی كردووە، یەكێتیش لە زۆر لە شتەكاندا پشتیوانیی پارتی كردووە". بەڵام رەخنە لە دابەشكردنی پۆستە حكومییەكان دەگرێت لەنێوان پارتی و یەكێتی و دەڵێت "ئەم كوردستانە فیفتی بە فیفتی وای لێكرد".

سەبارەت بە نزیكبوونەوەی پارتی و بزووتنەوەی گۆڕانیش عیماد ئەحمەد نایشارێتەوە كە پارتی ئەوانی لەهەر گفتوگۆیەك لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ئاگادار كردووەتەوە "ئینسان بە ویژدانەوە بڵێت هیچ شتێكمان لێ شاراوە نەبووە، ئاگامان لە مەسەلەكان بووە". 

لەبارەی ئایندەی پەیوەندی خۆیشیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان گوتی "ناكرێ لەگەڵ گۆڕان یەكدی بشكێنین و هەرچی زووتر تەفاهوم بكەین باشترە".
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی دوایین دانیشتنی هەردوو جێگرەكەی سكرتێری یەكێتی: كۆسرەت رەسوڵ عەلی و بەرهەم ساڵح دەكات لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كە هەوڵیان دا بەبێ هەڵبژاردن رێكبكەون و پارێزگاری سلێمانی رادەستی بزووتنەوەی گۆڕان بكەن كە پێش دەستپێكردنی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت داوای ئەو پۆستەیان دەكرد.
گفتوگۆی گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ گۆڕان بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی نەبوو

عیماد ئەحمەد دەڵێت ئەو هەنگاوە هەر سەرینەدەگرت "چونكە گۆڕینی پارێزگار دەبێ بە هەڵبژاردن بێت و وەكو یەكێتی جێبەجێشمان نەكرد، چونكە ئەوە بە بڕیاری یەكێتی نەبووە كە بڵێین لە مەكتەبی سیاسی دابنیشین و بڕیار بدەین بۆ ئەوەی پارێزگاری سلێمانی بگۆڕین، ئەوەی كە بووە رایە و ئایا ئەو رایە لەنێو یەكێتیدا پەسەند دەكرا؟ ئایا جێبەجێ دەكرا؟".

 هەروەها گوتی "ئەو دوو بەڕێزەش (كۆسرەت رەسوڵ عەلی و بەرهەم ساڵح) لە مەكتەبی سیاسی باسی ئەوەیان نەكردووە كە بڵێن پارێزگار بەو شێوەیە دەگۆڕین".

ئاگاداری دۆسیەی نەوتم 

هەندێ لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی پێشتر دەیانگوت كە ئێمە هاوپەیمانی پارتین و حكومەتی هاوبەشمان هەیە، بەڵام ئاگاداری دۆسیەی نەوت نین.

عیماد ئەحمەد لەبەرئەوەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، ئەندامە لە ئەنجوومەنی باڵای نەوت لەهەرێمی كوردستان و پێشتر بە هەفتەنامەی (رووداو)ی راگەیاندبوو كە یەكێتی "100% ئاگاداری مەلەفی نەوتە". بەڵام ئەو قسەیە گران لەسەری كەوت و رەخنەی زۆری لێگیرا بەهۆیەوە. لەو هەڤپەیڤینەدا روونتر لەبارەی ئەو دۆسییە قسەدەكات و دەڵێ "تا تەندروستی مام جەلال باش بوو ئاگاداری تەواوی دۆسیەی نەوت بوو، بەڵام ئێستا من ئاگاداری مەلەفەكەم و بە مەكتەبی سیاسی یەكێتیم گوت ئەو مەلەفە لەگەڵ كێ باس بكەم، گوتیان با هەر لای خۆت بێ".