رۆژانە شەش هەزار بەرمیل نەوت لە گوندێکی شرنەخ دەردەهێنرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی دەرای شرناخ لە رێگەی چوار بیرەوە رۆژانە شەش هەزار بەرمیل نەوت دەردەهێنرێت و بڕی 150 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگ لەو چوار بیرەدا هەیە کە بە 12 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
عوسمان گەلیش، سەرۆکی ژووری بازرگانیی شرنەخ بە رووداوی راگەیاند، "نەوت دۆزراوەتەوە و لەسەر خێربێت و خودا بە زیادی بکات." گوتیشی، دۆزینەوە نەوت وادەکات ناوچەکە ببوژێتەوە و خزمەتی زیاتری دەڤەرەکە بکرێت، گەنجێکی زۆری سنوورەکە بێ کارن و "ئومێدەوارین دۆزینەوەی ئەو نەوتە بۆ ببێتە هۆی دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ئەوانیش."
گوندی دەرای کە بیرە نەوتەکانی لێ دۆزراوەتەوە، 20 کیلۆمەتر لە پارێزگای شرنەخەوە دوورە. رووداو چووەتە ئەو گوندە و دانیشتووانی گوندەکە لەسەر جووتیاری و ئاژەڵداری دەژین. دانیشتووانی گوندەکە داوا دەکەن بەرژەوەندی و قازانجی ئەوانیش لە دەرهێنانی نەوتەکە لەبەرچاو بگیرێت و ژیانیان خۆش بکرێت.
حەسەن یەڵماز، هاونیشتمانیی گوندەکە بە رووداوی گوت، چوار بیر دۆزراونەتەوە و ئەمە بیری پێنجەمە، کارەکانی بەکۆتا گەیشتووە و "لە خودا داواکارین کە هەموومان بەهۆی ئەو نەوتەوە دەوڵەمەند بین و ئیدی پێیویستمان بە دەوڵەتانی دیکە نەمێنێت."
یەدەگی نەوتی گوندەکە بۆ گوندنشینانیش بووەتە جێگەی دڵخۆشی، بەڵام دەڵێن، لەبەر ئەوەی نەوتەکە لە سنوورەی گوندەکەی ئەوان دۆزراوەتەوە، دەبێت ئەوان لە هەمووان زیاتر سوود لە نەوتەکە ببینن.
هاونیشتمانییەکی دیکە دەڵێت، "زۆر دڵخۆشین و ئەمە شتێکی زۆر باش و تازەیە، لەمە باشتر نییە، قازانجی ئێمە و خەڵکی دیکەیشی تێدایە، هەموو خەڵک قازانج دەکەن، دەمانەوێ ئێمە لەوێ ئێش بکەین."
فاتیح دۆنمەز، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێت، بە دۆزینەوەی یەدەگی نوێی نەوت لە شرنەخ، رۆژانە دەتوانرێت زیاتر لە 10 هەزار بەرمیل نەوت دەربهێندرێت. دەشڵێت، گەڕان بۆ دۆزینەوەی بیری نوێی دەوڵەمەندتر بەردەوامە.
لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ هەینی، دوای ئەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس سەردانی چیای گاباری لە سنووری پارێزگای شرنەخ کرد، عوسمان بیلگین، پارێزگاری شرنەخ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد کە عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادە بوو. پارێزگاری شرنەخ باسی لە دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە دەرهێنانی نەوت لە ناوچەکە کرد.
پارێزگاری شرنەخ گوتی، لە ئاییندەدا دەرهێنانی نەوت زیاتر دەکەن و چەندین پڕۆژەی دیکەشیان دەبێت کە سوودیان بۆ خەڵکی ناوچەکە دەبێت.
لەبارەی چیای گابار، عوسمان بیلگین گوتی، لە ماوەیەکی نزیکدا بیری ژمارە شەشیش کارا دەکەن و راشیگەیاند، ئێستا لە پێنج بیردا پێنج هەزار و 350 بەرمیل نەوت دەردەهێنن کە کوالێتییەکەی بەرزترینە لەسەر ئاستی تورکیا.
سەبارەت بە یەدەگی گشتیی تورکیا، عوسمان بیلگین گوتی: "ئێمە بۆ ساڵی داهاتوو باس لە 25 هەزار بەرمیل لە رۆژێک دەکەین، بەڵام لەگەڵ هەوڵ و کارکردنی زیاتر دەکرێ ئەمە گۆڕانکاری بەسەردابێت. یەدەگی ئێستامان 250 ملیۆن بەرمیلە، بەڵام ئەوەی دەتوانرێ بەرهەم بهێنرێت 150 ملیۆن بەرمیلە".