کۆنسێرتی ئۆرکێسترای سیمفۆنیی سلێمانی بەڕێوەچوو


رووداو دیجیتاڵ 

لە تەلاری هونەر لە پایتەختی رۆشنبیری کۆنسێرتێکی نوێی گرووپی ئۆرکێسترای سیمفۆنیی سلێمانی بەڕێوەچوو. 
 
60 میوزیکژەنی کورد و بیانی گوێی گوێگرانی میوزیکیان ئاوێزانی ئاوازە رەسەنەکانی میوزیکی کوردی و میوزیکی کلاسیکی رۆژئاوایی کرد. ژەنیارەکان ژمارەیەک ئامێری دەگمەن دەژەنن کە تەنها لەم جۆرە کۆنسێرتە سیمفۆنیانە دەردەکەون. 
 
هێڤار سەلام، میوزیکژەنێکی بەشداربووی کۆنسێرتەکەیە، لەبارەی ئامێرەکەیەوە گوتی: "ئامێرەکەی من ناوی کۆنتراباسە، گرنگییەکی زۆری بۆ ئۆرکێسترا هەیە و هیچ ئۆرکێسترایەکیش بەبێ ئەو ئامێرە نابێت، بەڵام بەداخەوە میوزیکژەنی کۆنتراباس لێرە کەمە هەرچەندە ئێستا بە بەراورد بە پێشتر باشتر بووە." 
 
نۆ بەرهەمی میوزیکی (مۆزارت، بیتهۆڤن، فۆرێ، ئاکۆ عەزیز، ناسک حەسەن، هەردی مەجید، بەختیار حەمەکەریم، نەورۆز حەسەن و د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە)ی رێبەری ئۆرکێستراکە پێشێکێش کران. 
 
د. عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە، رێبەری گرووپی میوزیکی سیمفۆنیای سلێمانی بە رووداوی گوت: "میوزیکی کوردی میوزیکێکی زیندووە، بەڵام ئێمە کاتێک دەتوانین پێشی بخەین کە تەکنیکی میوزیکی گەلانی پێشکەوتووی جیهان بەکاربهێنین و سوودی لێوەربگرین، بەڵام بە مەرجێک رەسانەیەتی میوزیکە کوردییەکە بپارێزین." 
 
بەڕێوەچوونی ئۆرکێستراکە تەواوی ئامادەبووانی کۆنسێرتەکەی دڵخۆش کردبوو، بەڵام گلەییشیان هەیە کە کۆنسێرتی لەوجۆرە بەبەراورد بە پێشتر کەمتر ئەنجام دەدرێت.
 
پشکۆ مستەفا خۆی میوزیکژەنە، بەڵام لەو کۆنسێرتەدا وەکو بینەر و گوێگر بەشداریی کردووە و گوتی: "هیوادارم حکومەت گرنگی بە کاری لەم جۆرە زیاتر بدات، چونکە هەر میوزیکە کە ئاراممان دەکاتەوە و رۆحمان ئاسوودە دەکات و لە رەشبینیتش دەمانپارێزێت." 
 
گرووپەکە پلانی هەیە بەردەوام بە کارەکانی بدات و لە داهاتووشدا بەرهەمی هاوبەشی ئاستبەرزی لەمجۆرەی تایبەت لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دەبێت.