لێکۆڵینڤانێکی پەیمانگەی واشنتن: ئەمریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان جێگیر دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لێکۆڵینڤانێک لە پەیمانگەی واشنتن دەڵێت، ئەمریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان جێگیر دەکات کە مەبەستییەتی. باس لەوەش دەکات، ئێستا پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا بە 'تاڵە موویەک' بەندە و حکومەتی عێراق یان دەبێت ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵبژێرێت یان ئێران.
 
د. بیلال وەهاب، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی واشنتن رۆژی هەینی 15-12-2023، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا هێڵی سوورە. ئەمریکا وەڵامی هێرشی درۆنی ناداتەوە، بەڵام لە ئاستی هێرشی مووشەکیدا بێ وەڵام نابێت و بە روونیش ئەو پەیامەی بە دەسەڵاتدارانی عێراق گەیاندووە کە چی دیکە تەنیا تەماشاکار نابێت و وەڵامی بۆ هەر هێرشێک دەبێت کە دەکرێتە سەر پێگە و بنکەکانی".
 
بە گوێرەی یاسای بودجەی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی داهاتوو، کە تازە لە کۆنگرێس پەسندکراوە، پێنتاگۆن سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات بۆ ئەوەی لە وەڵامدانەوەی هێرشی درۆنی و مووشەکی بەکاری بهێنن.
 
لە یاساکەدا هاتووە، دەبێت تاوەکو 1ـی شوباتی ساڵی داهاتوو، وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا پلانێکی هاوبەش دابنێن بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەوەی لە وەڵامدانەوەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان بەکاری بهێنن. 
 
 هەروەها هێزەکانی ئەمریکا لەسەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی سیستمە بەرگرییەکە، مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن. 
 
لەبارەی جێگیرکردنی ئەو سیستمە لە هەرێمی کوردستان، د. بیلال وەهاب گوتی، "ئەمریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەو ناوچانە جێگیر دەکات کە بەرژەوەندییەکانی خۆی تێیاندا دەپارێزێت. بۆ نموونە، ئەگەر لە فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیر بکرێت، مەرج نییە لە فڕۆکەخانەی سلێمانیش دابنرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "هەڕەشەی گەورە هەیە بۆیە ئەمریکا سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەداتە هەرێمی کوردستان".
 
رۆژی پێنجشەممە لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەو دەستدرێژییە"ی لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2023 باڵیۆزخانەی ئەمریکا، باڵەخانەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەشێک لە باڵەخانەکانی حکومەتی کردە ئامانج، "دەستدرێژییە بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی عێراق".
 
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبارەی ئەو کەسانەی لە 8ی ئەم مانگە هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گوتی، "دوای هەوڵێکی چڕیی هەواڵگری و تەکنیکی، دەزگا ئەمنییەکان توانییان ناسنامەی بکەرانی هێرشەکە ئاشکرا بکەن. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەداخەوە هەندێکیان پەیوەندییان بە دەزگا ئەمنییەکانەوە هەیە".
 
لەبارەی بەردەوامی ئەو هێرشانە و رێکارەکانی حکومەتی عێراق بەرامبەر گرووپە چەکدارەکان، د. بیلال وەهاب گوتی، "حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی شیعە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسدان، چونکە چی دیکە دەرفەت لەبەردەمی حکومەتی عێراقدا نەماوە و دەبێت یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵبژێرێت یان ئێران". ئاماژەی بەوەشکرد، "سوودانی ئازایەتی نوواند کاتێک بە هێرشی میلیشیاکانی گوت تیرۆر".