کۆمیسیۆن: لە هەڵبژاردنی گشتیدا هیچ کەسێک لە هەرێمی کوردستان دەنگ نادات

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاوارەکاندا، ژمارەیەک لە هێزەکانی پێشمەرگە، پۆلیس، زێرەڤانی و پاسەوانی سنوور مافی دەنگدانیان هەیە. سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، ئەو هێزانەی دەنگ دەدەن خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانن و دەوامیان لە هەرێمی کوردستانە.

هەرچەندە دەنگدانی تایبەت بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەمڕۆ دەستیپێکردووە و هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 48 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە. لەو ژمارەیە جگە لە ئاوارەکان، پێشمەرگە، پۆلیس، پاسەوانی سنوور، زێرەڤانی و پۆلیسی هاتووچۆ هەن.
 
خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوانەی لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگ دەدەن و جگە لە ئاوارەکان هێزە ئەمنییەکانن کە زۆرینەیان پاسەوانی سنوورن؛ هەروەها بەشێکیان پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەن، بەڵام هەموویان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانن."
 
سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، لە سنووری پارێزگای دهۆک کە ئەمڕۆ 39 هەزار و 422 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، نزیکەی 14 هەزار دەنگدەریان ئاوارە نین و زۆرینەیان لە هێزە ئەمنییەکانن.
 
بڕیارە دووشەممە 18ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی گشتی لە 15 پارێزگای عێراق و باشووری کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەڕێوەبچێت. خالید عەباس گوتی، "لە رۆژی دەنگدانی گشتیدا هیچ دەنگدەرێک لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانی نابێت، ئەوەی هەیە تەنیا ئەمڕۆیە و بۆ دەنگدانی تایبەتە."
 
بۆ هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە 18ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە ئەمڕۆ و لە دەنگدانی تایبەتەدا ملیۆنێک و دوو هەزار و 393 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش 48 هەزار و 260 کەس ئاوارەن و مافی دەنگدانیان هەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین.