لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: بەشداریی ئاوارەکان لە ئاستی چاوەڕوانی ئێمەدا نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دەنگدان بێ گرفت بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەشداریی ئاوارەکان کەمە.
ئەمڕۆ شەممە 16-12-2023، کاژێر 07:00ـی بەیانی، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد.
ملیۆنێک و دوو هەزار و 393 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە لە 565 بنکەی 15 پارێزگای عێراق و سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن و ئەو بنکانەش 2367 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن.
خالید عەباس، بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''هەموو پێداویستییەکانی گرێدراو بە دەنگدانی تایبەت دابینکراون و بەر لە کاژێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ سەرجەم ئامێرەکانی دەنگدان تاقیکرانەوە".
نزیکەی 54 هەزار کەس لە پارێزگای دهۆک مافی دەنگدانیان هەیە. بەگوتەی خالید عەباس، 34 بنکەی دەنگدان بۆ ئەو کەسانە تەرخانکراون کە 131 وێستگە لەخۆدەگرن؛ گوتیشی، تا کاژێر 18:00 دەنگدان بەردەوام دەبێت.
بەگوتەی بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەو ژمارەیە 39 هەزار و 422 ئاوارە هەن کە بەسەر 15 کەمپدا دابەشبوون و 16 بنکەی دەنگدانیان بۆ تەرخانکراوە؛ بۆ ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپەکانی شنگالیش حەوت بنکە دانراون.
خالید عەباس گوتی، تاوەکو ئێستا بەشداریی هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەت بە رێژەیەکی بەرچاو بووە، ''بەڵام بەشداریی ئاوارەکان لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا نییە و داوا دەکەم سەردانی بنکەکان بکەن بۆ ئەوەی نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن".
بەڕێوەبەری نووسینگەی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 18 رێکخراو چاودێریی هەڵبژاردن لە پارێزگاکەدا دەکەن و زیاتر لە 450 چاودێر لە پرۆسەکە بەشدارن. گوتیشی، ''ئەو ئاوارانەی ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە، پێویستە 18ـی مانگ بگەڕێنەوە شنگال و شوێنەکانی دیکەی نەینەوا بۆ ئەوەی بتوانن لە بنکەکانی شوێنی خۆیان بەشداری هەڵبژاردن بن".
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر دەتوانن لە رۆژی دەنگدانی گشتی و ملیۆنێک و دوو هەزار و 393 دەنگدەریش لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەنگ بدەن.
لە دەنگدانی تایبەتدا 48 هەزار و 260 کەس ئاوارە مافی دەنگدانیان هەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین و بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەن:
- پارێزگای دهۆک؛ 39 هەزار و 422 دەنگدەر
- پارێزگای هەولێر؛ 5 هەزار و 23 دەنگدەر
- پارێزگای سلێمانی؛ 3 هەزار و 815 دەنگدەر