وەزارەتی خوێندنی باڵا: ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە رۆژانی 17 و 18ـی مانگ دەوام نەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق هەیە، رۆژانی 17 و 18ـی مانگ دەوام نەکەن و بە نەهاتوو هەژمار ناکرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەر خوێندکارێک لەو رۆژانەدا تاقیکردنەوەی هەبێت دواتر قەرەبوو دەکرێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت، بڕیارەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە لە بنەڕەتدا دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و مافی دەنگدانیان نییە.
ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و لە پێناو بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بڕیار درا بە دواخستنی هەر وانە و تاقیکردنەوەیەک لە رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگەدا بۆ ئەو خوێندکارانەی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانن.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، هەر وانە و تاقیکردنەوەیەکی رۆژانی 17 و 18ـی ئەم مانگە دوابخرێت، دواتر قەرەبووی خوێندکاران دەکرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، "سەرجەم مامۆستا، فەرمانبەر و قوتابییان و خوێندکاران کە دەنگیان دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە رۆژانی 17 و 18ـی مانگدا دەوامیش نەکەن بە نەهاتوو هەژمار ناکرێن."
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیاری دوو رۆژەکە مامۆستا، خوێندکاران و فەرمانبەرانی دانیشتووی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە کە مافی دەنگدانیان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نەبێت."
حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە، 18-12-2023ـی بە پشووی فەرمی راگەیاندووە؛ ئەو رۆژە تەواوی قوتابخانە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پشوو دەبێت.
بۆ هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە 18ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە ئەمڕۆ و لە دەنگدانی تایبەتەدا ملیۆنێک و دوو هەزار و 393 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و لەو ژمارەیەش 48 هەزار و 260 کەس ئاوارەن و مافی دەنگدانیان هەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین.