پۆلیسی سلێمانی: هیچ گوشارێک لەسەر دەنگدەران نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بەروارد بە رابردوو هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی رێکخراوتر لە دەنگدانی تایبەتدا بەشدارن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بە وردی چاودێریی پڕۆسەکە دەکەن و تا ئێستا هیچ کێشەیەک تۆمارنەکراوە.
ئەمڕۆ شەممە 16-12-2023، کاژێر 07:00ـی بەیانی، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد. لە دەنگدانەکەدا 48 هەزار و 260 ئاوارە لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە کە سێ هەزار و 815 دەنگدەر لە پارێزگای سلێمانین.
ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''ئەوەی بە ئێمە سپێردراوە لە ئەرکی چاودێری و پاراستنی بنکەکانی دەنگدان بە شێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا لە هیچ بنکەیەکی دەنگدان کێشە تۆمارنەکراوە".
ئاسۆ شێخ تەها باسی لەوە کرد، لە بنکەکانی دەنگدان سندووقی تۆمارکردنی سکاڵا دانراوە و دەنگدەران دەتوانن لە ئەگەری هەبوونی هەر سکاڵایەک، لەو رێگەیەوە دەنگی خۆیان بە لایەنی پەیوەندیدار بگەیێنن.
بەپێی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن، لە کاتی بەڕێوەچوونی دەنگدان هیچ یەک لە لایەن و بەربژێرەکان مافی بانگەشەی هەڵبژاردنی نییە. بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لەوبارەوە گوتی، ''لە هەر شوێنێکی نزیک لە بنکەکانی دەنگدان بانگەشە بۆ هەڵبژاردن بکرێت، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسە دەگیرێتەبەر و هێزەکانمان رێگەی بانگەشە بە هیچ لایەن و بەربژێرێک نادەن".
بەگوتەی ئاسۆ شێخ تەها، "هێزە ئەمنییەکان وەک بەشێک لە دەنگدەرانی تایبەت بەراورد بە رابردوو زۆر باشتر رێکخراون و تا ئێستا بێ هیچ کێشەیەک دەنگی خۆیان داوە. گوتیشی، هیچ گوشارێک لەسەر دەنگدەران نییە و سەردانی سەرجەم بنکەکانمان کردووە و دەنگدان بە شێوەی ئاسایی بەڕێوەدەچێت".
ئەمڕۆ شەممە، ملیۆنێک و دوو هەزار و 393 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە لە 565 بنکەی 15 پارێزگای عێراق و سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان دەنگ دەدەن و ئەو بنکانەش 2367 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن.
هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش 18ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت کە بەگشتی بە دەنگدەرانی تایبەت و ئاوارەوە، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.