هەفتەی داهاتوو پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 24 ملیار دیناری دیکەی بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نێردراوە، بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، لە هەفتەی داهاتووەوە دابەش دەکرێت.
یەکشەممە 14ـی ئەم مانگە، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیاتر لە 24 ملیار دینار لە بەغداوە نێردراوە و کراوە بە چەک. رێکارە بانکی و کارگێڕییەکان بۆ دابەشکردنی ماون".
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی کە سەرپەرشتی شەش سایلۆی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکات، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێکارەکانی خەرجکردنی چەکەکان ماون و دابەشکردنی پارەکە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو".
بڕی پارەکە 24 ملیار و 250 ملیۆن دینارە. 9 ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ جووتیارانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە، 7 ملیار و 750 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای هەولێرە و 7 ملیاریش بۆ پارێزگای دهۆک.
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێک لە دهۆک بە رووداوی گوت: "پارەکە بە چەک بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان کراوە و بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو دابەش دەکرێت".
لە زیاتر لە 300 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆ کەمتر لە 73 ملیار دینار دابەشکراوە.
پێش ئەم گوژمەیە، دوو گوژمە لە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نێردرابوو. گوژمەی یەکەم 57 ملیار دینار بوو کە بەم شێوەیە بوو: 25 ملیاری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، 20 ملیار دینار بۆ هەولێر و 12 ملیار بۆ دهۆک. گوژمەی دووەمیش 6 ملیار بۆ سلێمانی کە هەڵەبجەشی لەگەڵ بوو؛ 5 ملیار بۆ هەولێر و 4 ملیار و 500 ملیۆن بۆ دهۆک.
وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان 10ی حوزەیران دەستیپێکرد و تاوەکو 20ی تەممووز بەردەوام بوو.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ تۆنێک وەرگرت.
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگاکانی سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 158 هەزار تۆن بوو، هەروەها پشکی گەنمی وەرگیراو لە پارێزگای هەولێر 122 هەزار و تۆن و دهۆکیش نزیکەی 118 هەزار تۆن بوو.
پاریش حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بەڵام ئەم ساڵ بڕەکەی کەم کردەوە.