ئەیوب عەلی و گارە سازگار بەرهەمێکی نوێیان بە ناوی (ئاڵای کوردستان) بڵاوکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

هونەرمەند ئەیوب عەلی لەگەڵ هونەرمەند گارە سازگار نوێترین بەرهەمی خۆیان بەناوی (ئاڵای کوردستان) بڵاوکردەوە. ئەیوب عەلی دەڵێت، تێکستەکەی سادەیە بۆ ئەوەی منداڵان لەبەری بکەن و هەستی نەتەوەییان لا دروستبێت.
 
سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەیوب عەلی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو میوان بوو، سەبارەت بە بەرهەمە نوێیەکەی گوتی: "ئاواز و تێکستی ئەم گۆرانییە هی خۆمە. مەبەستی سەرەکیم پیشاندانی شانازی بوو، چ بە کوردایەتی و چ بە ئاڵاکەی خۆمان."
 
ئەیوب عەلی گوتی: "لە رێگەی ئەم گۆرانییەوە دەتوانین وابکەین نەوەی نوێ بەتایبەتی لە منداڵەکانەوە دەستپێبکەن. هەندێک وشەی سادەم نووسی تاوەکو منداڵان وەریانبگرن و لەگەڵی بژین، چونکە کە لە منداڵییەوە هەستی نەتەوەیی هەبوو، تاوەکو گەورە دەبێت لەبیری ناچێتەوە."
 
هونەرمەند ئەیوب عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجیان پاراستنی کولتووری کوردییە و گوتی: "بۆ زمانی کوردی، کولتووری کوردی و جلوبەرگی کوردی، ئەم بەرهەمەمان دروستکرد. هیوادارم ئەم بەرهەمە لە ئاستی بەرزی و شکۆی ئاڵایەکدا بێت کە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهیدە لە هەر چوار پارچەی کوردستان."
 
بەرهەمەکە بە شێوەی دوێتە لەگەڵ هونەرمەند (گارە سازگار)ە. لەو بارەیەوە ئەیوب عەلی گوتی: "مامۆستا گارە بەر لەوەی بیناسم بە دەنگی سەرسام بووم. من دەزانم چەند سەنگینە و چ بەرهەمێکی لایە، نزیکەی سێ بۆ چوار هەزار گۆرانی لایە کە فۆڵکلۆری هەموو ناوچەکانی کوردستانن. شانازی دەکەم کە لەم بەرهەمە بە [دەنگە] پڕ لە سۆزەکەی میوان بوو."
 
کلیپی (ئاڵای کوردستان) ئەمشەو لە چەناڵی یوتیووبی ئەیوب عەلی بڵاوکرایەوە. بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 17-12-2025 رۆژی ئاڵای کوردستانە و بڕیارە لە سەرجەم خوێندنگە و دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بە مەراسیمی جۆراوجۆر بەرز رابگیرێ.
 
پێشتریش ئەو دوو هونەرمەندە گۆرانییەکیان بەناوی (کوردم) بڵاوکردەوە کە بینەرێکی زۆری هەیە.