شاندی پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدان
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام دەستیپێکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەکە باسی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەنگی کورد لە بەغدا و بەرکەوتەکانی دەکرێت.
شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامێتیی رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دەرباز کۆسرەت، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانە. ئەمە بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامێتیی پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییە.
رۆژی دووشەممە، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پارتی و یەکێتی رێککەوتوون بۆ ئەوەی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشکی کورد لە حکومەتی نوێی بەغدا گفتوگۆ بکەن."
زیاتر لە 13 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕبووە و سەرەڕای دانوستاندنی یەکێتی و پارتی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.
پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی رابردوویاندا، توانییان لەسەر کارنامەی حکومەت بگەنە لێکتێگەیشتن، بەڵام کاتێک هاتنە سەر پۆستەکان، کۆبوونەوەکان ئاستەنگیان تێکەوت. سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، ''باسی دیدگای هاوبەش دەکەن، بەڵام ئەگەر لەسەر پرسی دابەشکردنی دەسەڵات و شێوەی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت رێکنەکەون، دیدگای هاوبەش بایەخی نییە. پێویستە لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکبکەون.''
پارتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەستهێنا.