سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا
رووداو دیجیتاڵ
لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.
رۆژی سێشەممە، 16ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەم تەواو کرا؛ ئەمڕۆ لیستی مووچەی ئەو مانگەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا."
جگە لە لیستی مووچەی مانگی 12، رۆژی 7-12-2025، لیستی مووچەی مانگی 11ـیش رادەستی بەغدا کرا؛ هەروەها رۆژی 25-11-2025 لیستی مووچەی مانگی 10ـیش رادەستی بەغدا کرا، بەڵام فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا مووچەی ئەو سێ مانگەیان وەرنەگرتووە.
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو: "هەموو رێکارەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێمەوە تەواوکراون و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی ئەو مانگەش ئامادەیە، بەڵام بۆ ناردنی، چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی مووچەین لەلایەن بەغداوە."
ئەو بەپرسەی وەزارەتی دارایی گوتی: "پڕۆسەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10 تەواو بووە؛ ئێستا تەنیا ماوە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، واژۆ لەسەر خەرجکردنی پارەکە بکات و ئاراستەی فەرمانگەی ژمێریاریی بکات."
دوایینجار رۆژی شەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی بڵاوکردەوە و رۆژی دواتر و لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەکەی دابەش کرد.
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ئەوەی مووچەی مانگانە لەلایەن عێراقەوە خەرج بکرێت، دوو مەرج جێبەجێ کراون کە بریتین لە رادەستکردنی نەوت و ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی مانگانە بۆ بەغدا.