شارەوانییەکانی هەڵەبجە بۆ راماڵینی بەفر ئامێر بەکرێ دەگرن

رووداو دیجیتاڵ
 
لە سنووری ناحیەی بەمۆی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 70 سانتیمەتر بەفرباریوە و بەهۆیەوە رێگەی زیاتر لە 20 گوند داخراوە، سەرۆکی شارەوانییەکانی پارێزگای هەڵەبجەش دەڵێ:" بۆ راماڵینی بەفر، ئامێر بە کرێ دەگرین".
 
خێڵان عەبدولڕەحمان، سەرۆکی شارەوانییەکانی پارێزگای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەفرێکی زۆر لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە باریوە، لە هەندێ شوێن تاوەکو 70 سانتمەتر بەفر کەڵەکە بووە، بەتایبەت لە سنووری ناحیەی بەمۆ، کە رێگەی 20 گوند داخراوە.
 
خێڵان عەبدولڕەحمان گوتی: "ئامێری پێویستمان بۆ راماڵینی بەفر نییە، شارەوانیی ناحیەکانمان راسپاردووە بۆ راماڵینی بەفر، ئامێر بە کرێ بگرن".
 
هاوکات کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "لە کاژێر 8:00ی شەوی رابردووەوە، بەفربارین بەردەوامە و لە سەنتەری پارێزگا 40 سانتمەتر بەفر باریوە و تیمەکانمان لە راماڵینی بەفر بەردەوامن".