وەزیرى بەرگریى عێراق: لەوانەیە پەنا بۆ هەڵپەساردنى رێککەوتنى ئەمنى لەگەڵ ئێران ببەین

رووداو دیجیتاڵ

وەزيرى بەرگریى عێراق رایگەیاند، بەهۆى هێرشەکانى ئێران بۆ سەر هەرێمى کوردستان، ئەگەر هەیە پەنا ببەنە بەر هەڵپەساردنى رێککەوتنى ئەمنى نێوانیان و دەشڵێت، "عێراق بێ هێز نییە و کارتى گوشارى گەورەى سیاسی، ئەمنى و ئابوورى هەیە." 
 
سابت عەباسی، وەزيرى بەرگریى عێراق رایگەیاند، رێککەوتنێکى ئەمنى لە نێوان عێراق و ئێران هەیە کە "هێشتا مەرەکەبەکەی وشک نەبووە"، دەبوو ئێران بەرپرسانى عێراقى ئاگادار بکردایەوە لەبارەى ئەو زانیارییانەى بانگەشەى بۆ دەکات لە هێرشە مووشەکییەکەی بۆ سەر هەرێمى کوردستان، تاوەکو لایەنى عێراقى مامەڵەى لەگەڵدا بکات.
 
سابت عەباسی لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا گوتى، "بەم شێوەیە دەبێت هەڵوەستە بکەین، کارتى گوشارى گەورەمان هەیە کارتى گوشارى سەربازی، سیاسیی و ئابوورى، لەبەر ئەوەى ئەم پرسە مەترسییە بۆ سەر سەروەریى عێراق و رەتکراوەیەوە."
 
شەوى 15ـی کانوونى دووەمی 2024، سوپاى پاسدارانى ئێران بە مووشەک هێرشی کردە سەر هەولێر، بەو هۆیەوە چوار کەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا و 16 کەسیش بریندار بوون.
 
وەزيرى بەرگریى عێراق جەختیکردەوە، "ئەگەر هەیە پەنا ببەین بۆ هەڵپەساردنى رێککەوتنى ئەمنى لەگەڵ ئێران، ئەوەى ئێران کردى زیان بە بەرژەوەندى و پەیوەندیى نێوان عێراق و ئێران دەگەیێنێت، دەبێت وڵاتانى دراوسێ ئەوە بزانن، کە عێراق بێ هێز نییە."
 
19ـى ئادارى 2023، عێراق و ئێران رێککەوتنێکى ئەمنییان واژۆ کرد بۆ پاراستنى سنوورى نێوانیان و ئاڵوگۆڕکردنى زانیاریى هەواڵگری. لە چوارچێوەی رێککەوتنەکە پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەک داماڵدران و لەسەر سنوورەکانی ئێرانیش دوورخرانەوە.