لە رووداوەکەی دەربەندیخان دوو هاوژین، کوڕ و بوکێکیان گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
بەیانی ئەمڕۆ لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی دەربەندیخان – کەلار چوار هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، هەر چوار کەسەکە ئەندامی یەک خێزانن و کوڕێکی دیکەشیان بریندارە.
 
رووداوەکە لەنێوان پیکابێک و بارهەڵگرێکدا روویدا. سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەرچەندە سەرەتا هەواڵمان پێدرا کە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە لە رووداوەکەدا، بەڵام دواتر دەرکەوت شۆفێری پیکابەکە زیندووە و بریندارە. بەوەش ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە چوار کەسن و هەموویان سەرنشینی پیکابەکە بوون".
 
سەرنشینانی پیکابەکە ئەندامی یەک خێزان بوون. قایمقام دەڵێت، "عەبدولقادر عەلی و عائیشەی خێزانی، حەسەنی کوڕیان و سەمیرە زۆرابی بووکیان کە هاوژینی کوڕێکی دیکەیانە گیانیان لەدەستداوە. کوڕە گەورەکەشیان کە شۆفێرەکە بووە ناوی زاهیرە، بریندارە و لە فریاکەوتنە".
 
شۆفێری بارهەڵگرەکەش بریندارە، بەڵام تەندروستی باشە.
 
 
تەرمی هاونیشتمانییەکان لە دادپزیشکی دەربەندیخانە و بڕیارە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنوورەکە بەخاکبسپێردرێن، کە هەموویان خەڵکی قەزای دەربەندیخانن.
رووداوەکە نزیک گوندی ئاوەخێری روویدا. موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هۆکاری رووداوەکە تێپەڕینی هەڵە بووە لەلایەن پیکابەکەوە".
 
رێگەی نێوان دەربەندیخان – کەلار، هەمان رێگەی بەستنەوەی کەلار و سنووری ئیدارەی گەرمیانە بە شاری سلێمانییەوە. رێگەکە یەک سایدە و چەند ساڵێکە کار بۆ بە دووسایدکردنی دەکرێت و تەواو نەکراوە.
 
بە گوێرەی ئاماری هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویاندا و لە ئەنجامیاندا 445 کەس گیانیان لەدەستدا و 7 هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.