وەزارەتی ناوخۆ: گۆڕانکاری لە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری دوورە لە راستییەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە، گوایە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری تێدا دەکرێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ رەتیدەکاتەوە.
 
چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێکی میدیاکان دەنگۆیەک بڵاوکراوەتەوە، گوایە لە 01ـی مانگی داهاتووەوە ژمارەیەک گۆڕانکاری لە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریدا دەکرێت؛ دیارترینیان وانە خوێندنە بۆ ماوەی 21 رۆژ و شۆفێریکردنە بۆ ماوەی 12 رۆژ و زیاترکردنی رسوماتەکانە.
 
ئەمڕۆ هەینی 17-01-2025، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەنگۆی گۆڕانکاری لە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری رەتدەکەینەوە و هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستییەوە".
 
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەموو کەسێک مافی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری هەیە بەو مەرجەی بۆ مۆڵەتی شۆفێری جۆری تایبەت تەمەنی 18 ساڵی تێپەڕاندبێت و بۆ مۆڵەتی گشتیش تەمەنی 20 ساڵ زیاتر بێت؛ هەروەها مەرجە تەندروستییەکانی تێدا بێت و خاوەن رەگەزنامەی عێراق بێت.