نوێنەرێکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان: بەریتانیا مافی پەنابەریی 11 هەزار هاونیشتمانیی رەتکردووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت، رێککەوتنی بەغدا و لەندەن بۆ رێگری لە کۆچی نایاسایی، مەترسی دەخاتە سەر هەموو ئەو پەنابەرانەی لە ساڵانی رابردوودا چوونەتە بەریتانیا، گوتیشی، مافی پەنابەریی 11 هەزار هاونیشتمانیی باشووری کوردستان لەو وڵاتە رەتکراونەتەوە.
 
رۆژی هەینی 17-01-2025، پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی کورد لە ئەورووپا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، رایگەیاند: ''لە بەریتانیا شەش هەزار و 700 هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان مافی پەنابەریان رەتکراونەتەوە.''
 
رەتکردنەوەی مافی پەنابەریی هاونیشتمانییان لەکاتێکدایە کە بەپێی رێککەوتنێکی نێوان بەریتانیا و عێراق مەترسیی دیپۆرتکردنەوەیان زۆرە. پێشڕەو عەبدوڵڵا گوتی، جیا لەو ژمارەیە، نزیکەی چوار هەزار و 300 کەسی دیکەش هەن کە خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و مافی پەنابەرییان رەتکراوەتەوە.
 
حکومەتی عێراق دەستیکردووە بە رێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی زۆرترین پەناخوازی عێراقییان لێیە، یەکێک لەو وڵاتانە بەریتانیایە کە ئامانج لێی ناردنەوەی هەموو ئەو پەناخوازانەیە مافی مانەوەیان نییە. ئەو نوێنەرەی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان گوتی، ''دەسەڵاتدارانی فیدراڵی کە ئەم جۆرە رێککەوتنانە واژۆ دەکەن، دەبێت ئەوەشیان لەبەرچاو بێت کە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و عێراق خەرجییەکی زۆریان هەبووە، بۆیە کاتی گەڕاندنەوەیان دەبێت بواری دامەزراندنیان بۆ بڕەخسێنن.''
 
بەگوتەی پێشڕەو عەبدوڵڵا، بەریتانیا نزیکەی 15 ملیار دۆلاری ئامادە کردووە بۆ ئەوەی سەبارەت بە پڕۆژەی رێگری لە کۆچی نایاسایی، رادەستی حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی بکات. دەشڵێت، ''بابەتی ئەمنی بە لایانەوە زۆر گرنگە و هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی باندی قاچاخچییان، راهێنان بە هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.''
 
پێشڕەو عەبدوڵڵا دەڵێت، لەکاتی گەڕانەوەی هەر پەنابەر، کۆچبەر یان پەناخوازێک لە بەریتانیاوە، حکومەتی عێراقی تەنیا پێنج ملیۆن دیناریان پێدەدات، ''بەڵام ئەمە زۆر کەمە بۆ ئەو کەسانەی کە روویان کردووەتە وڵاتانی ئەورووپی و پارەیەکی زۆریان لە رێگەکەدا خەرج کردووە.''
 
لە 7 ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر گەنج لە باشووری کوردستان بەرەو بەریتانیا کۆچیان کردووە، ئەو رێککەوتنەی نێوان دوو حکومەت مەترسی لەسەر ناردنەوەی هەزاران کۆچبەری کورد دروست دەکات. پێشڕەو عەبدوڵڵا گوتی، ''ئەم رێککەوتنە تەڵەیە بۆ هەموو ئەو پەنابەرانەی کە ساڵانێکی زۆرە لە بەریتانیان.''
 
بە گوتەی پێشڕەو عەبدوڵڵا لە قۆناخی یەکەمدا ئەو پەناخوازانە دەنێردرێنەوە کە لە زیندانەکانن و دەڵێت: "نزیکەی 270 کەسن و ئێستا بەندن لە بەندیخانەکانی بەریتانیا. ئەمانە کارێکی نایاساییان کردووە، حوکمەکەیان تەواو بووە و ئێستاش لەنێو بەریتانیا جێگەیان نابێتەوە، بۆیە دەبێت عێراق وەریانبگرێتەوە.''
 
جگە لەوە، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان دەڵێت، نزیکەی 260 کەسیش بە خواستی خۆیان ناویان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە عێراق و هەرێمی کوردستان. ''پاشان پڕۆسەی ناردنەوە دێتە سەر ئەو کەسانەی کە مافی پەنابەرییان لە بەریتانیا رەتکراوەتەوە.''
 
هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەریتانیا، محەممەد شیاع سوودانی و کیەر ستامەر رایانگەیاندووە: ئامانج لە رێککەوتنەکەیان هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی قاچاخچییە بە مرۆڤ.
 
بەپێی ئاماری فەرمیی حکومەتی بەریتانیا، زیاتر لە دوو هەزار عێراقی کە بەشی زۆریان کوردن لە سەرەتای ساڵی 2024 تاوەکو ئەیلوولی هەمان ساڵ روویان لە بەریتانیا کردووە، کەمتر لە 30 پەناخواز رەوانەکراونەتەوە.