لە مێردین، تەرمی دوو منداڵ لەنێو گۆمێکدا دۆزرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای شەمرەخی سەر بە پارێزگای مێردین لە باکووری کوردستان، تەرمی دوو منداڵ دۆزرانەوە کە پێشتر ون ببوون.
لە گەڕەکی مەشەلی، دوو منداڵ بە ناوەکانی (د. ئـ.)ی تەمەن 9 ساڵ و (ئـ. ئـ)ی تەمەن 7 ساڵ لە کاژێر 16:30ی ئێوارەی رۆژی هەینی 16-01-2026ـەوە بێسەروشوێن ببوون، دوای ئەوەی کەسوکارەکەیان لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردەوە، تیمەکانی جەندرمە، ئافاد و فریاگوزاریی 112 دەستیان بە گەڕان کرد.
لەنێو گەڕەکەکەدا و لەنزیک گۆمێکی بچووک، شوێنپێی منداڵەکان دۆزرایەوە و بیندرا، کە بەشێک لە سەهۆڵی سەر رووی گۆمەکە شکاوە.
دوای گەڕانێکی تیمەکانی مەلەوانان و رزگارکردنی جەندرمە، تەرمی هەردوو منداڵەکەیان لەنێو گۆمەکەدا دۆزییەوە.
تەرمەکان بۆ توێکاری رەوانەی نەخۆشخانە کران و عومەر توغرول کونداکچی، قایمقامی شەمرەخ، گەیشتە شوێنی رووداوەکە و سەرپەرشتیی کارەکانی کرد.