لە 2025دا 26٪ خۆپیشاندانەکان بۆ خزمەتگوزاری و 25٪ بۆ مووچە بووە

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی تۆڕی هاوپەیمانیی 19 دەریدەخات، لە ساڵی 2025دا 356 خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون کە 52٪یان لە شاری سلێمانی بوون.
 
‎تۆڕی هاوپەیمانیی 19 لەلایەن كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤەوە دامەزراوە و خۆیان دەڵێن، داكۆكی لە پرەنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانی دیکەی تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكەن و ناوەندی سەرەکییان لە شاری سلێمانییە.
 
شێوازی ناڕەزایەتییەکان لە ساڵی 2025
 
کۆی گشتی: 356
186 گردبوونەوە، کە دەکاتە ٪52 
96 کۆنگرەی رۆژنامەڤانی، کە دەکاتە ٪27
29 داخستنی شەقام، کە دەکاتە ٪8 
27 بایکۆت، کە دەکاتە ٪8 
9 رێپێوان، کە دەکاتە ٪2
7 مانگرتن، کە دەکاتە ٪2
2 واژۆ کۆکردنەوە، کە دەکاتە ٪1
 
شایی ئاسۆ، رێکخەری تۆڕی 19 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ساڵی 2025، ژینگەی ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی خۆپیشاندان، ئازادی رەخنەگرتن و نووسین، لە بەردەم ئاڵنگارییەكی قورس و پەرەسەندنێكی نیگەرانكەر بوو."
 
دەشڵێت: "پێشێلكاریی سیستماتیك بەرانبەر دەیان كەس كە رەخنە لە دەسەڵات دەگرن یان داوای مافە سەرەتاییەكان و هەلی كاری یەكسان دەكەن، یان باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان دەكەن کراوە. هێزە ئەمنییەكان درێخییان نەكردووە لە بەكارهێنانی تووندوتیژی بەرانبەر بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز، كە لە ئەنجامى رووداوی ترسناك كوژراو و برینداری لێكەوتووەتەوە و، دەیان لە بەشداربووانی ئەو چالاكییانە خراونەتە زیندانەوە."
 
٪26ی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکان بۆ خزمەتگوزاری و 25٪ بۆ مووچە بووە
 
بەپێی ئامارەکانی تۆڕی 19 لە 2025، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بۆ ئەم مەبەستانە بوون: 
 
93 خۆپیشاندان بۆ خزمەتگوزاری، کە دەکاتە 26٪
89 خۆپیشاندان بۆ مووچە، کە دەکاتە 25٪
46 خۆپیشاندان بۆ دامەزراندن، کە دەکاتە 13٪
12 خۆپیشاندان بۆ مافی رۆژنامەنووسان، کە دەکاتە 3٪
12 خۆپیشاندان بۆ مافی کرێکاران، کە دەکاتە 3٪
11 خۆپیشاندان بۆ پلە بەرزکردنەوە، کە دەکاتە 3٪
9 خۆپیشاندان بۆ مافەکانی ژنان، کە دەکاتە 3٪
9 خۆپیشاندان بۆ ژینگە، کە دەکاتە 3٪
8 خۆپیشاندان بۆ سەروەریی یاسا، کە دەکاتە 2٪
6 خۆپیشاندان بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، کە دەکاتە 2٪
8 خۆپیشاندان بۆ مافی خوێندکاران، کە دەکاتە 2٪
5 خۆپیشاندانی خانەوادەی شەهیدان، دەکاتە 1٪
5 خۆپیشاندان کە کەرتی تەندروستی، دەکاتە 1٪
4 خۆپیشاندان بۆ کرێی دووکان، دەکاتە 1٪
4 خۆپیشاندانی خاوەنی موەلیدەکان، دەکاتە 1٪
37 خۆپیشاندان و گردبوونەوە بۆ داواکاری جیاجیا، کە دەکاتە 10٪
 
شایی ئاسۆ دەڵێت: مافی ئازادیی رادەربڕین بەردێكی بناخەی هەر كۆمەڵگەیەكی دیموكراسییە، مافێكە كە دەستووری عێراق بە ئاشكرا لە مادەی 38 گەرەنتی كردووە. 
 
دەشڵێت: "لە هەرێمی كوردستانیش، لە رێی یاساكانی ژمارە (11)ی ساڵی 2010، یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان، یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013، یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری، یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری، پارێزراوە. لە رووداوەكانی ساڵی رابردوودا، كەلێنێكی قووڵی نێوان دەقە یاساییەكان و هەڵسووكەوتی دامەزراوە ئەمنییەكان و دامەزراوەی دادوەری بە روونی هەستی پێدەكرێت."
 
مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان بە گوێرەی راپۆرتەکەی تۆڕی 19
 
108 دەستگیرکردن، کە دەکاتە 93٪
2 رفاندن، کە دەکاتە 2٪
1 ئەشکەنجەدان، کە دەکاتە 1٪
3 گوشار بۆ سەر نووسەران، کە دەکاتە 2٪
2 کوشتن، کە دەکاتە 2٪
 
رێکخەری تۆڕی 19 ئاماژە بەوە دەکات،  ئەم پێشێلكارییانە كە لەم راپۆرتەدا بڵاوكراونەتەوە، نەك تەنیا كاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان هەیە، بەڵكو هەرێمی كوردستانیش لە دۆسییەی مافی مرۆڤدا دەخاتە دۆخێكی نەخوازراوەوە.
 
جوگرافیان ناڕەزایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان
 
185 لە سلێمانی، 52٪
111 لە هەولێر، 31٪
14 لە دهۆک، 4٪
16 لە هەڵەبجە، 5٪
11 لە راپەڕین، 3٪
18 لە گەرمیان، 5٪
1 لە سۆران، 0.3٪