بێژەرەكانی (سەرای ئازادی) لە 17ی شوباتدا چی دەڵێن؟

رووداو - سلێمانی

دوو بێژەری خۆپیشاندانەكانی 17ی شوباتی 2011، سەرباری ئەوەی شانازی بەو رۆژانەوە دەكەن، كە بێژەی خۆپیشاندانەكانی 17شوبات بوون، بەڵام بۆ دۆخی ئێستای كوردستان لەگەڵ خۆپیشاندان نین ‌و هۆكارەكەشی رووندەكەنەوە.

ئیسماعیل عەبدوڵڵا، بێژەری خۆپیشاندانەكانی 17شوباتی 2011 ، كە ئێستا گوتەبێژی كەسوكاری شەهیدانی 17ی شوباتە، لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) شانازی بەو رۆژانەی تەمەنییەوە دەكات، كە بێژەری خۆپیشاندانەكان بووە لە سلێمانی و دەڵێ "ئەو رۆژانە بە پیرۆزترین ساتەكانی ژیانم دەزانم، هەتا ماوم شانازییان پێوەدەكەم".

ئەو بەداخیشە كە ماوەی چوار ساڵە تەقەكەرانی 17ی شوبات دەستگیرنەكراون، "ئێستاش دەڵێم پێویستە تەقەكەرانی 17ی شوبات بچنە بەردەم دادگا، ئەگەر بێتاوانیشن، با لەبەردەم دادگا بێتاوانیی خۆیان بسەلمێنن، بەداخەوە كە تائێستا كەسیان دەستگیرنەكراوە".

سەبارەت بەوەش كە دەگوترێ‌ هەندێ‌ لە هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەكان، ئێستا چوونەتە دەسەڵات‌و خەمی هاونیشتمانیانیان لەبیركردووە، ئیسماعیل لەگەڵ ئەو بۆچوونە نییە‌و دەڵێت "بە پێچەوانەوە ئێستاش زۆرینەیان لەگەڵ خەمی هاونیشتمانیان دەژین، بەڵام  ئێستا كوردستان بە قەیرانێكی زۆردا تێدەپەڕێ‌، لەبەر ئەوە ناكرێت لەم دۆخەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ بكرێت، سێ‌ ساڵی دیكە ماوە بۆ ئەوەی بزانین تا ئەوكاتە چی دەكەن".

ئەو باسی لەوەشكرد، بۆ ئەمڕۆی كوردستان لەگەڵ خۆپیشاندان نییە، چونكە كوردستان لەدۆخێكی تایبەتدایە "جگە لەوەی قەیرانێكی دارایی هەیە، هەرێمی كوردستان لە شەڕێكی قورسیشدایە لەگەڵ چەكدارانی داعش".

یەحیا نەوزەر، بێژەرێكی دیكەی خۆپیشاندانی 17شوبات بوو، ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەو كەموكوڕیانەی بوونە هۆی خۆپیشانەكانی 17ی شوباتی2011، ئێستا بە زیادەوە هەیە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی كوردستان ئەویش لەگەڵ خۆپیشاندانی لە چەشنی 17ی شوبات نییە. دەڵێ "ئێمە دۆخی كوردستان لەبەرچاودەگرین، بۆیە ئەو قسەیە دەكەین، لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا نادادپەروەرییەكی زۆر هەیە ‌و چوار ساڵە هیچ یەكێك لە تەقەكەرانی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات دەستگیرنەكراون". 

لەژێر كاریگەری خۆپیشاندانەكانی بەهاری عەرەبی بۆ كۆمەڵێك داواكاری لە 17ی شوباتی 2011 لە سلێمانی خۆپیشاندانێك سازكرا، دواتر خۆپیشاندانەكان تووند‌وتیژی تێكەوت‌و درێژەی كێشا‌و ماوەی 2 مانگ‌ و3 رۆژی خایاند، لەو ماوەیەشدا 10 كەس شەهیدبوون و سەدانی دیكەش برینداربوون.