سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میونشن کۆدەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ 

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بە بەشداری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیپێکردووە و یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆدەبنەوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 17-02-2023، کۆنفرانسی میونشن لە ئەڵمانیا، کە یەکێکە لە گەورەترین سەکۆی گفتوگۆکردنی ئاسایش لە جیهاندا دەستی بە کارەکانی کرد و سێ رۆژ دەخایێنێت. 
 
لە کۆنفرانسەکەدا زیاتر لە 40 سەرۆک و سەرۆکوەزیران و 90 وەزیری دەرەوەی وڵاتان لە ئەوروپا، ئەمریکا، ئاسیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەفریقا و ئەمریکای لاتینەوە. 
 
فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لەبارەی گرنگی کۆنفرانسەکە و بەشداریی شاندی هەرێمی کوردستان بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''ئەم جۆرە کۆڕ و کۆنفرانسە گرنگن، لەبەر ئەوەی سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان بۆ باسکردنی ئاڵنگارییەکانی بەردەم جیهان کۆدەبنەوە.''
 
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە کاتێکدایە کە ساڵێک بەسەر شەڕی رووسیا و ئۆکراینا تێدەپەڕێت و رووسیا و ئێران بەشداری کۆنفرانسەکە ناکەن، فەلاح مستەفا لەوبارەوە دەڵێت: ''سەرکردەکانی جیهان کۆدەبنەوە تاوەکو نەخشەرێگەیەک دابنێن بۆ چارسەری ئەو پرسانەی کە روودەدات.''
 
فەلاح مستەفا ئاشکرای کرد، نێچیرڤان بازرانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران، وەزیرانی دەرەوە، وەزیرانی بەرگری و سەرۆکی وڵاتان، بەپێی پرۆتۆکۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان 10 کۆبوونەوە دەکات. گوتیشی، ''گومان لەوەدا نییە کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەبێت کە بایەخ بە هەرێمی کوردستان دەدەن و دەمانەوێت ئەم پەیوەندییانە زیاتر بەرەو پێشەوە بچن.''
 
یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: کۆمەڵێک پرس هەیە کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێمە بەیەکەوە گرێ دەدات، بۆیە هەندێک لە دیدارەکان لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت. گوتیشی، هەندێک لە دیدارەکانیش بەپێی ئەو گرێبەستانەی کە هەن و ئەو بابەتانەی کە پێکەوە دەمانبەستێتەوە، لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپی و ئەمریکی دەبن.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەم کۆنفرانسەدا بەشدارە، بەگوتەی فەلاح مستەفا، ئێوارەی ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان و عێراقیش کۆدەبنەوە.
 
یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە باسی لەوە کرد، ''سەرۆکی ئێستای کۆنفرانسی میونشن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەناسێت و بەرلەوەش دیداریان هەبووە، دواجاریش کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان باڵیۆزی ئەڵمانیا بوو، سەردانی عێراقی کرد و لە بەغدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی دوو قۆڵی لەگەڵ هەبوو.''
 
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ساڵی 1963 دامەزراوە و ئەمساڵ تەوەرەکانی بریتین لە: سیاسەتی بەرگریی وڵاتانی زەریای ئەتڵەسی، جموجوڵی سیاسەتی جیهانی، ئاسایشی مرۆیی جیهانی، سەقامگیری ئاسایش و تەکنەلۆجیا و تیرۆری سایبەری، پەیوەندییەکانی چین و ئەوروپا، جەنگی رووسیا - ئۆکراینا، وزە و گۆڕانی کەشوهەوا.
 
فەلاح مستەفا گوتیشی، "هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەرچاوی لەڕووی سیاسی، سەربازی، ئابووری، مرۆیی و بیناکردنی تواناکان لەگەڵ ئەڵمانیا هەیە. ئەم جۆرە دەرفەتانەش کە دێتە پێش بۆ ئەوەیە لە نزیکەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان روانگەی خۆی بۆ پرسەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر باس بکات." 
 
رۆژی 10ـی شوباتی ئەمساڵ، کریستۆڤ هیوسگن، سەرۆکی نوێی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا کرد و پێی راگەیاند، ئەمساڵ باسی دۆخی ئێران، سووریا و رۆژهەڵاتی ئێران دەکەن، بەڵام بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە جەنگی ئۆکراینا دەبێت.
 
بە گوتەی کریستۆڤ هیوسگن، سەرۆکی نوێی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئەمساڵ گەورەترین شاندی ئەمریکا بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن، لەوانە کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

 

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەلاح مستەفا:
 
رووداو: سەرۆکەکان دەڵێن ئەمساڵ کۆنفرانسەکە جیاوازە؛ گرنگی ئەم کۆنفرانسە و بەشداربوونی شاندی هەرێمی کوردستان چییە؟
 
فەلاح مستەفا: گومان لەوەدا نییە ئەم جۆرە کۆڕبەند و کۆنفرانسانە گرنگن، لەبەر ئەوەی سەرۆکی وڵاتان، حکومەتەکان و وەزیرانی پەیوەندیدار کۆدەبنەوە بۆ باسکردنی ئەو ئاڵنگاری و رووبەڕووبوونەوانەی دێنە بەردەم جیهان بە شێوەیەکی گشتی. راستە پاریش جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێرە بوو، بەڵام ئەو کاتە پێش دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا و رووسیا بوو، بەڵام ئەو کاتەش کێشەی دیکە هەبوون. کێشە و گرفتی جیهانی هەن و پێویست دەکات سەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دابنیشن و باسیان بکەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە؛ گرنگییەکەی لەوەدایە دووبارە سەرکردەی وڵاتان دێن و کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی نەخشەڕێگە دابنێن بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی دێنە پێش.
 
رووداو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێرە بەشدار دەبێت و چەندین کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن. دەکرێت بزانین نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان چی دەبن؟
 
فەلاح مستەفا: 10 کۆبوونەوەی هەیە. لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیرانی بەرگری یان سەرۆکی وڵاتان بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی کە پرۆتۆکۆڵی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رێکی خستوون. گومان لەوەدا نییە کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دەبن کە بایەخ بە هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەن؛ پەیوەندی دوو قۆڵیمان هەیە و دەمانەوێت ئەو پەیوەندییانە زیاتر بچنە پێشەوە، بۆ ئەوەی ئاشنابن بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ بەغدا هەن و ئەو پرسانەی لە دەوروبەر هەن.
 
رووداو: شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لێرە ئامادەن، ئایا هەست دەکەن کە ئەمساڵ ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکە بە بایەخەوە سەیری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
فەلاح مستەفا: پرسی سەقامگیری لە جیهان پرسێکی گرنگە؛ ئاشتی و سەقامگیری لە جیهان پرسێکە کە وڵاتانی جیهان جەخت لەسەر چەسپاندنی دەکەنەوە، بەداخەوە دژ بە خواستی هەموو لایەک ئێستا شەڕ و تووندوتیژیی زۆر زیاترە؛ بۆیە دەیانەوێت کۆببنەوە تاوەکو ئەو پرسانە باس بکەن و بزانن دەتوانن چۆن ئاشتی بەدیبێنن؛ چۆن دوای شەڕ سەقامگیریی بەدەستبێنن، بتوانن رووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ببنەوە، چۆن بتوانن رووبەڕووی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ببنەوە یان مامەڵەکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان؛ پرسی کۆچ و کۆچبەران و کۆمەڵێك پرسی دیکە نەوەکو دوو قۆڵی و سیاسی، گرنگن بۆ هەموو جیهان، کۆمەڵێک پرس ئێمە پێکەوە گرێ دەدات بۆیە بەشێکی دیدارەکان لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، هەندێک لەگەڵ ئەوروپا و هەندێكیش لەگەڵ ئەمریکان بە گوێرەی ئەو بابەتەی پێکەوەمان دەبەستێتەوە.
 
رووداو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە لێکنزیککردنەوەی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێرەش دەرفەتێکە بۆ کۆبوونەوە، ئایا سەرۆکی هەریمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە؟
 
فەلاح مستەفا: بەڵێ، لە دوێنێوە تیمی هەردوولا لە پەیوەندیدا بوون و بەخۆشحاڵییەوە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام دەدرێت، ئەو پەیوەندییە نزیکەی لەنێوان هەردوو بەڕێزان هەیە مایەی خۆشحاڵییە؛ مایەی ئەوەیە کە ئەو پرسانەی هەن باسبکرێن و چۆن بتوانرێت چارەسەریان بۆ بدرۆزرێتەوە.
 
رووداو: سەرۆکی کۆنفرانسەکە کەسایەتییەکی ناسراوە و گوتی، ئەو کەسانەیان دەستنیشان کردوون کە خۆیان ویستوویانە و گرنگە لێرە بەشداربن، ئاماژەی بەوەشکرد کە بەشداربوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە. چۆن لەو پەیامە دەڕوانن؟
 
فەلاح مستەفا: دیارە سەرۆکی ئێستای کۆنفرانسی میونشن جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەناسێت و پێشتریش یەکیان بینیوە. دوایین جار لە نەتەوە یەکگرتووەکان باڵیۆزی ئەڵمانیا بوو سەردانی عێراقی کرد و لە بەغدا جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵی کۆبووەوە و گفتوگۆی دوو قۆڵیان هەبوو. هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەرچاوی لەگەڵ ئەڵمانیا هەیە، پەیوەندییەکان لە رووی سیاسی، ئابووری، سەربازی، مرۆیی و بیناکردنی تواناکان هەیە؛ پەیوەندیی بەهێز لە نێوان ئەڵمانیا و هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەیە، کە ئەڵمانیا رۆڵی بەرچاوی گێڕا لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و راهێنان بۆ هێزی پێشمەرگە. ئەوە لە بەرچاو دەگیرین. ئەو هاوکارییە مرۆیانەی پێشکێشی ئاوارە و لێقەوماوانیان کرد؛ ئەو پشتیوانییەی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدیی و کریستیانەکان پێشکێشیان کرد هەموویان پێکەوە هاوئاهەنگیان لەسەر کراوە؛ بۆیە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا پتەوە. ئەم جۆرە بەشداری و دەرفەتانە دێنە پێش گرنگە لە نزیکەوە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تێڕوانینی خۆی بۆ ئەو پرسانەی لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق هەن {بخاتەڕوو}، وەکو پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، وەکو هەرێمی کوردستان چی پێدەکرێت بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران و ئەو پرسانەی تایبەتن بە سەقامگیری و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان.