گوهدار زێباری، یەکێک لە حوکمدراوانی بادینان ئازاد کرا
رووداو دیجیتاڵ
گوهدار زێباری، یەکێک لە حوکمدراوانی بادینان، ئەمڕۆ ئازاد کرا. یەکێک لە پارێزەرەکانی دەڵێت، لێخۆشبوونێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبوایە گوهدار سێ ساڵی دیکەش لە گرتووخانە دەمایەوە.
بەشدار حەسەن، یەکێک لە پارێزەرانی کەیسی حوکمدراوانی بادینان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت،" ئەمڕۆ نزیک کاژێر 15:00 گوهدار ئازاد کرا".
گوهدار زێباری بە تاوانی جیا سێ جار سزادرابوو. بەشدار حەسەن دەڵێت، "بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی نزیکەی 2 ساڵ و حەوت مانگ حوکمی بەڕێکرد؛ بە تۆمەتی چەکی تاپڕ و 150 فیشەک 6 مانگ حوکم و بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێلیش پێنج مانگ حوکمی تەواو کرد".
گوهدار زێباری لە 22ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 دەستگیرکرا و بەگوێرەی مادەی 156ـی یاسای سزادانی عێراقی بە شەش ساڵ بەندکردن حوکم درا.
شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان حوکمەکەی زێباری و چوار هاوڕێی دیکەی کەم کرایەوە؛ حوکمەکەی زێباری 60٪ کەمکرایەوە. پارێزەرەکەی دەڵێت، "ئەو لێخۆشبوونەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبوایە، گوهدار دەبوو نزیکەی سێ ساڵی دیکە لە زیندان بمێنێتەوە".
بڕیاربوو گوهدار زێباری رۆژی 16ـی ئاداری 2023 ئازاد بکرێت، بەڵام بەگوێرەی مادەی 279 لە یاسای سزادانی عێراقی، لە 15ـی ئادار بۆ ماوەی حەوت مانگ حوکم درا، ئەوەش بە تاوانی ئەوەی "لۆگۆی ئۆتۆمبێلەکەی دەستکاری کردووە و گۆڕیویەتی"؛ دواتر پارێزەرەکانی ئەو بڕیارەیان تەمیزکردەوە و حوکمەکەی بۆ پێنج مانگ کەمکرایەوە و دەبووایە رۆژی 16ـی ئابی 2023 ئازاد بکرێت.
هەروەها 01-10-2023 جارێکی دیکە گوهدار زێباری بە تاوانی هەبوونی چەکی بێ مۆڵەت لە جۆری تاپڕ لە ئۆتۆمبێلەکەیدا شەش مانگ سزادرا.