بەهۆی بارانی بەخوڕەوە دیواری یەکێک لە خانووەکانی قەڵای هەولێر رووخا
رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دیواری یەکێک لە خانووەکانی قەڵای هەولێر رووخا و بەشێکی بۆسەر شەقامی دەوری قەڵاکە هاتە خوارەوە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، زیان بەر ئۆتۆمبێلێک کەوتووە.
ئەمڕۆ شەممە، 17-02-2024، بەشێک لە دیواری یەکێک لە خانووەکانی قەڵای هەولێر رووخا و دوای بڕینی پەرژینەکانی دەوری قەڵاکە، بەشێکی کەوتە سەر شەقام و بەر ئۆتۆمبێلێک کەوت.
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نزیک قەڵای هەولێر و لە شوێنی رووداوەکە گوتی، ''ئەوەی هەیە بەشێکی بچووک لە بەرد و پێکهاتەی دیوارێک هاتووەتە سەر شەقامەکە، ئەوەش بەهۆی بارانبارینەوە بووە''.
پێکهاتەی ئەو بەشەی چووەتە سەر شەقامەکە خشت و چیمەنتۆیە و وا دیارە بەهۆی کۆنبوونییەوە ئەو پێکهاتەیە لاواز بووە و دوای بارانبارین لە جێگەی خۆی خزیوە.
شایەتحاڵێک لەبارەی چۆنیێتیی کەوتنەخوارەوەی بەردەکە بە رووداوی گوت، ''بەردەکە بەر ئۆتۆمبێلێک کەوت، بەڵام باش بوو شۆفێرەکەی تێدا نەبوو و تەنیا زیان بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوت''.
ئەو شایەتحاڵە دەشڵێت، ''ئەمە جاری یەکەم نییە و پێشتریش رووداوی لەم شێوەیە روویداوە، بەڵام ئەم جارەیان زۆر زیاتر بوو".