لە هەڵەبجە دەست بەسەر ژمارەیەک مریشکی مردارەوەبوودا گیرا

رووداو دیجیتاڵ 

لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە دەڵێت، لە تەکسییەکەدا دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەک مریشکی مردارەوەبوودا کە ئەگەر ببرایەنە نێو شارەکە "دەبوونە ژەهر و ئازار" بۆ هاونیشتمانیان. سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، شۆفێرەکە دەڵێت، گوایە بۆ سەگی بووە.
 
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە بڵاوی کردەوە، "شەوی رابردوو لەلایەن بازگەکانی شارەزوور - زەمەقی لە بوونی تەکسیەک کە ژمارەیەک مریشکی مردارەوەبوو لە سندووقەکەیدا بوون ئاگادارکراینەوە. ئاگادارکراینەوە کە شۆفێرەکە ویستویەتی مریشکەکان بهێنێتە نێو شاری هەڵەبجە".
 
لیژنەکە چوونەتە بازگەکە و پشکنینیان بۆ مریشکەکان کردووە و بۆیان روونبووەتەوە کە بەهۆی نەخۆشییەوە لە دوو رۆژدا مردار بوونەتەوە. 
 
د. دڵنیا فارووق، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شۆفێرەکە دەڵێت مریشکەکانی بۆ سەگ بووە، بەڵام ئێمە لێکۆڵینەوەی ورد دەکەین بزانین وایە یان ویستوویەتی ساخیان بکاتەوە".
 
دڵنیا فارووق ئاماژەی بەوە کرد، مریشکەکانیان لەنێوبردووە و بەدواداچوون دەکەن بۆ سەرچاوەی مریشکەکان و ئەو کێڵگەیەی لێیەوە هێناویەتی.
 
بەگوێرەی وێنەی مریشکەکان کە بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە 20 مریشکن.
 
لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی هەڵەبجە دەڵێت، "ئەگەر رێگری نەکرایە لەو مریشکانە، ئەوە لەسەر سفرەمان دەبووە ژەهر و ئازار بۆ کەسوکارمان".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەت، ئەو کەسەی ویستوویەتی مریشکەکان بباتە هەڵەبجە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.