بەرگریی شارستانیی هەولێر: ئاگرەکەی ئەنجوومەنی وەزیران بەهۆی تەقینی بۆیلەرەوە بووە

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەشێکی باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاگر کەوتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، هۆکارەکە تەقینی بۆیلەری ئاو و بوتڵی ‌گاز بووە.
 
موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 12:50ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاگرەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاگادار کراینەوە و دوای ماوەیەکی کەم تیمەکانمان کۆنترۆڵیان کرد".
 
ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە. کاروان میراودەلی گوتی، "ئەو شوێنەی ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە، چێشتخانە بووە و زیانە مادییەکانی لەنێوان 20 ملیۆن بۆ 25 ملیۆن دیناردایە".
 
لەبارەی هۆکاری ئاگرەکەشەوە گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر گوتی، "بۆیلەر (گیزەر)ـی ئاو گەرمکردن تەقیوە؛ لەو شوێنە بوتڵێکی گازیش هەبووە و کارلێکیان کردووە و ئەویش تەقیوەتەوە و تەشەنەی بە ئاگرەکە داوە".
 
تاوەکو ئێستا ئاماری رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی پار بڵاو نەکراوەتەوە. بەگوێرەی پۆلیسی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا 7 هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە.