مەکتەبی سیاسیی یەکێتی: ئیشی سوپا نییە بەشێک بێت لە چارەسەری ململانێکانی زەویوزار

رووداو دیجیتاڵ
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات رێگا لە دەستتێوەردانەکانی هێزەکانی سوپا بگرێت لە کەیسی زەویوزاری دێهاتەکانی کەرکووک و دەوروبەری و فەرمان بە یەکەکانی سوپای وڵات بکات پابەندی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و دەستووری خۆی بێت لە دەستوەرنەدان لە گرفتە ناوخۆییەکانی ناو کۆمەڵگەی عێراقی و پێکهاتەکانی.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "یەکێتیی نیشتمانی پێی وایە ئیشی سوپا نییە بەشێک بێت لە گرفتە ناوخۆییەکان، چارەسەری ململانێکانی زەویوزار و موڵکداریش هەرگیز بە بەکارهێنانی ناڕەوای هێز و پەلاماردانی هاوڵاتیان سەرناگرێت و رێگا دروستەکەی چارەسەری ناکۆکی لەسەر موڵکوماڵ نییە".
 
دەشڵێت، "لایەنگیری دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەتایبەتیش سوپا کە ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی وڵاتە، بۆ هەر لایەنێک لە هەر ململانێیەکی ناوخۆییدا پێشینەیەکی مەترسیدارە و پێشێلکردنی دەستووری وڵاتیشە، هەروەک پێشێلکردنی یاسا پەسندکراوەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیشە کە تازەکی بڕیارەکانی رژێمی پێشووی بەعسی لەسەر موڵک و زەویوزاری جووتیاران هەڵوەشاندووەتەوە".
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا باس لەوە دەکات، "ئێمە پێمان وایە دیاردەی خۆهەڵقورتاندنی هێزەکانی سوپا لە کێشەی زەویوزار لە ناوچەیەکی هەستیاری وەکو ناوچە دابڕاوەکانی کەرکووک هیچ ژینگەیەکی تەندروست بۆ بەرقەرارکردنی یاسا و دەستوور دابین ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتریشی دەکات. ئەرکی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ئیئتلافیشە روونتر ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و دەستوورییە بگرێتە ئەستۆ و بە هیممەتتر لەسەری بێتە جواب".
 
ئەمڕۆ لە سنووری شەناغە و سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن بەڵام سوپای عێراق و ژمارەیەک لە هێزی چالاکییە مەدەنییەکان رێگرییان لێ کردن.