بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر: پلان هەیە رێگە سەرەکییەکان بکرێنە پارە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر رایدگەیێنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی هەیە بۆ ئەوەی رێگە سەرەکییەکان "بکاتە پارە" و داهاتەکەشی بۆ نۆژەنکردنەوەیان بەکاربهێنێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، ساڵانە پێویستیان بە نزیکەی 70 ملیار دینارە، بەڵام پار تەنیا دوو ملیاریان بۆ خەرجکراوە.
 
عیماد محەمەدئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "پلان هەیە رێگەکان بکرێنە پارە. ئەمە سیستمێکی جیهانییە و وادەکات داهاتی رێگەکان بۆ خودی رێگەکان خەرج بکرێتەوە. کاتێک هاووڵاتی یان بازرگانێک پارە دەدات، لە بەرامبەردا رێگەیەکی ستاندارد و سەلامەت بەکاردەهێنێت."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر، ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت، بەشێكی ئەو داهاتەی بەرامبەر بەکارهێنانی رێگەکە کۆدەکرێتەوە، ببێتەوە بودجە بۆ حکومەت تاوەکو بتوانێت زووتر رێگەکان نۆژەن بکاتەوە.
 
لەبارەی دۆخی دارایی و بودجەی نۆژەنکردنەوە، عیماد محەمەدئەمین گوتی: "لە ساڵی 2013ـەوە بەهۆی شەڕی داعش و بڕینی بودجە، هیچ رێگەیەک بە تێروتەسەلی نۆژەن نەکراوەتەوە."
 
بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر ئاشکرای کرد، ساڵانە تەنیا بۆ پارێزگای هەولێر پێویستیان بە 60 بۆ 70 ملیار دینارە بۆ نۆژەنکردنەوە، بەڵام "پار تەنیا نزیکەی دوو ملیار دینارمان بۆ خەرجکراوە،  ئەو بڕە پارەیە تەنیا بەشی نۆژەنکردنەوەی پێنج کیلۆمەتر رێگەی ستاندارد دەکات."
 
سەبارەت بە هۆکارەکانی تێکچوونی خێرای رێگەوبانەکان، عیماد محەمەدئەمین سێ هۆکاری سەرەکی دیاریکرد:
 
تەمەن: زۆربەی رێگەکان تەمەنیان بەسەرچووە؛ پێشتر تەمەنی ستاندارد 15 ساڵ بوو، بەڵام ئێستا بۆ 5 تاوەکو 10 ساڵ کەمبووەتەوە.
 
کەشوهەوا: بارانی زۆر و نەبوونی ئاوەڕۆی گونجاو زیانی زۆر بە قیرەکە دەگەیێنن.
 
باری قورس: بارهەڵگرەکان هۆکاری سەرەکی تێکچوونی رێگەکانن، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا.
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، پار 36 پڕۆژەی رێگەوبان بە درێژیی 422 کیلۆمەتر لە سنووری هەولێر کراون، تێچووی ئەو پڕۆژانە چوار ملیار و 484 ملیۆن دینار بووە، لەوانە هەشتیان لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، 24ـیان لەسەر داهاتی قەپان و چواریشیان لەسەر داهاتی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەنجامدراون.