یەکەمین رێبەری یاسایی ژیریی دەستکرد لە هەرێمی کوردستان راگەیێندرا

رووداو دیجیتاڵ
 
پلاتفۆرمێکی یاسایی بە ژیریی دەستکرد بە ناوی "جودی" لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە کار، کە توانای هەیە لە چەند چرکەیەکدا وەڵامی وردترین پرسیاری یاسایی بداتەوە. پەرەپێدەری پڕۆژەکە دەڵێت، بۆ رێگریکردن لە هەڵە، دەقە یاساییە عەرەبییەکان وەک خۆیان هێڵدراونەتەوە و وەرنەگێڕدراون.
 
د. هەوراز عەونی، پەرەپێدەری پڕۆژەی رێبەری یاسایی ژیریی دەستکردی "جودی"، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، سێ ساڵ کار لەسەر کۆکردنەوە و دیجیتاڵکردنی یاساکان کراوە تاوەکو گەیشتوونەتە ئەم قۆناخە، پڕۆژەکەش بە هەردوو شێوەی وێبسایت و ئەپڵیکەیشن بەردەستە.
 
پەرەپێدەری پڕۆژەکە باسی لەوە کرد، جاران دادوەران و پارێزەران ناچار بوون چەندین کاژێر لە نێو لاپەڕەی کتێبە یاساییەکاندا بگەڕێن تاوەکو بڕگەیەک یان سزایەک دەدۆزنەوە، "بەڵام ئێستا لە رێگەی جودییەوە تەنیا بە کلیکێک یان پرسیارێکی دەنگی، لە چەند چرکەیەکدا وردترین زانیاریی یاسایی دەخرێتە بەردەستیان."
 
د. هەوراز عەونی گوتی: "ئەمە تەنیا بۆ هاونیشتمانییان نییە، بەڵکو یاریدەدەرێکی سەرەکیی پارێزەرانە. سیستمەکە بە جۆرێک پۆلێن کراوە، کە هەندێک خزمەتگوزاری تەنیا بۆ پارێزەرانە و بە هەژماری تایبەت دەتوانن سوودی لێ ببینن."
 
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی پڕۆژەکە، وەک د. هەوراز باسی کرد، دروستکردنی سیستمی "OCR"ی کوردییە؛ ئەو تەکنەلۆژیایە توانای هەیە ئەو یاسایانەی لەسەر کاخەزی کۆن نووسراون، سکان بکات و بیانگۆڕێت بۆ تێکستی دیجیتاڵی، کە بەمەش کێشەی نەبوونی داتای یاسایی بە زمانی کوردی چارەسەر کردووە.
 
سەبارەت بە وردیی زانیارییەکان و مەترسیی وەرگێڕان، د. هەوراز جەختی کردەوە: "بۆ ئەوەی تووشی هەڵەی یاسایی نەبین، دەقە عەرەبییەکانمان وەک خۆی هێشتووەتەوە و وەرماننەگێڕاون، چونکە وەرگێڕانی دەقە یاساییەکان لەوانەیە مانا گۆڕانکاریی بەسەردا بێت و کێشە بۆ دادوەر و پارێزەر دروست بکات."
 
لەبارەی ئەگەری هەڵەکردنی ژیریی دەستکرد، پەرەپێدەری پڕۆژەکە روونی کردەوە کە ئەوان "مەودای داتاکان"یان سنووردار کردووە؛ واتە سیستمەکە تەنیا لە ناو ئەو دەقە یاساییانەدا وەڵام دەداتەوە کە بۆی دابین کراوە و لە خۆیەوە زانیاریی "وەهمی" دروست ناکات، ئەمەش وادەکات وەڵامەکان 100٪ زانستی و یاسایی بن.