مەزڵووم عەبدی: پارێزگاری لە تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بە درووشمی "پێکەوە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکەمان و دەست لەناو دەست بەرەو یەکێتی و سەقامگیری؛ ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەرپرسیارێتیی هەموومانە، گوتارمان یەکە و تەناهیمان یەکە؛ نەخێر بۆ ئاشووب، نەخێر بۆ هەستیارکردنی دۆخەکە و نەخێر بۆ گوتاری رق وکینە،" دەستەی ریشسپییان و ئەنجوومەنی ریشسپییانی حەسەکە، ئەمڕۆ لە هۆڵی "شێتۆ" لە شاری حەسەکە کۆبوونەوەیەکیان کرد. لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی هۆزەکانی عەرەب و کورد و پێکهاتەکانی دیکە، هەروەها کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و پارتە سیاسییەکان بەشدار بوون.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا رایگەیاند، رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمیان واژۆ کردووە و لەسەر زەوی جێبەجێی دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو رێککەوتنە بۆ ئەوان وەک سەرچاوەیەکە بۆ هاوێشتنی هەنگاوەکانی داهاتوو.
 
مەزڵووم عەبدی ئاشکرای کرد، لە رۆژانی رابردوودا کۆبوونەوەی فراوان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی لە دۆسیەی سووریادا بەبێ جیاوازی چالاکن، ئەنجام دراون و جەختی کردەوە کە ئەو لایەنانە بایەخ بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەدەن. هەروەها رایگەیاند، لە پێشینەی کارەکانیان لە ناوچەکەدا، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیە لە هەموو ئەو شوێنانەی رێککەوتنەکە دەیانگرێتەوە، لە عەفرین، سەرێ کانی و کۆبانییەوە بگرە تاوەکو حەسەکە. عەبدی ئاماژەی بەوەش دا، هەنگاوی پراکتیکی نراون کە ئامانجی سەرەکییان ڕاگرتنی شەڕ و هێنانەدیی ئاگربەستێکی هەمیشەیی بوو کە تا ئێستاش بەردەوامە، هیوایشی خواست ئەمە ببێتە سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا و دووپاتی کردەوە کە هەمووان لەسەر پابەندبوون بە رێککەوتنەکە هاوڕان.
 
مەزڵووم عەبدی گوتیشی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ بەردەوامیی ئارامی لە ناوچەکەدا، پابەندی رێککەوتنەکە دەبن و چییان لەدەست بێت بۆ پاراستنی ئەو رێککەوتنە ئەنجامی دەدەن.
 
دۆسیەی سەربازی و رەوشی کۆبانی
 
سەبارەت بە لایەنی سەربازی، عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێکردنی هەندێک دواکەوتووە، چونکە بڕیار وابوو هێزەکان لە دووەم رۆژی رێککەوتنەکەدا لە بەرەکانی جەنگ بکشێنەوە، بەڵام ئێستا لە جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوانەدا سەرکەوتوو بوون. هەروەها گوتی، لە کۆبانی هەندێک کێشە هەن و لەو بارەیەوە گفتوگۆ دەکرێت بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ و گەڕانەوەی هێزەکان بۆ بنکەکانی خۆیان، جەختیشی کردەوە کە کارەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارانە بەردەوامن.
 
عەبدی ئاشکرای کرد کە رێککەوتنەکە دوو لایەن دەگرێتەوە، یەکیان تایبەتە بە پێکهاتەی کورد و ئەوی دیکە هەموو پێکهاتەکان دەگرێتەوە؛ گرنگترینیان یەکخستنی دامەزراوەکانە و لەو چوارچێوەیەدا هەنگاو بەرەو جێبەجێکردنی ئەم یەکخستنە و سەرخستنی پرۆسەکە دەنرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە رۆژانی داهاتوودا کارێکی جددی دەکرێت بۆ یەکخستنی ئەو دامەزراوانەی زیاتر لە 12 ساڵە لە ناوچەکەدا هەن، بەرپرس و ئەندامەکانیان دەپارێزرێن و لە ناو پێکهاتە نوێیەکەدا جێگیر دەکرێن، جەختیشی کردەوە کە سەرکەوتنی پرۆسەی یەکخستن مەرجی سەرکەوتنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیە.
 
لیواکانی هەسەدە و کێشە لەگەڵ حکومەت
 
مەزڵووم عەبدی رایگەیاند کە رێککەوتوون هێزەکان لە چوارچێوەی "لیوا"دا لە ناو پێکهاتەی وەزارەتی بەرگریدا یەک بخرێن و کار لەم بارەیەوە بەردەوامە. ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەیەک دەربارەی راگەیاندنی یاریدەدەری وەزیری بەرگری هەیە و نوێنەرێکی هێزەکانی ئەوانیش لە ناو وەزارەتدایە کە هێشتا ڕانەگەیەندراوە.
 
مەزڵووم عەبدی جەختی لە پێویستیی پاراستنی بوونی هەموو ئەو شەڕڤانانە کردەوە کە دژی داعش جەنگاون و ناوچەکەیان لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا پاراستووە، بریندار بوون و هاوڕێکانیان شەهید بوون؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت سوود لە ئەزموونی ئەوان لە تێکۆشانی دژی تیرۆردا وەربگیرێت و لەگەڵ سوورییەکاندا هاوبەش بکرێت. هەروەها گوتی، هەموو شەڕڤانان و فەرماندەکان لە پێکهاتە نوێیەکەدا شوێنی شایستەی خۆیان دەبێت و لەم دۆسیەیەشدا پێشکەوتن هەیە و لەسەر ئەم مژارە بنەڕەتییانە رێککەوتن کراوە.
 
دۆسیەی ئەمنی
 
عەبدی جەختی کردەوە کە ئەو پێکهاتە ئەمنییەی لە ساڵی 2012ەوە تاوەکو ئەمڕۆ هەیە، دەپارێزرێت و پێویستە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لە ناو پێکهاتەی وەزارەتی ناوخۆدا لە شوێنی خۆیان بمێننەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو هێزانەی وەزارەت کە چوونەتە ناوچەکە، ئامانجیان ئەوەیە پشتگیری لە سەرکەوتنی پرۆسەی یەکگرتنەوەکە بکەن و جێبەجێکردنی پراکتیکیی لە رۆژانی داهاتوودا دەست پێ دەکات. هەروەها باسی لە پێکهێنانی لیژنەیەک لەسەر ئاستی سەرکردایەتی کرد بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی یەکگرتنەوەکە و دانی بەوەدا نا کە ئاستەنگ هەن، بەڵام جەختی کردەوە کە گرنگ ئەوەیە پرۆسەی یەکگرتنەوە خێرا بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاندان، گوتاری رق و کینە و هەوڵەکانی تێکدانی پرۆسەکە.
 
هەروەها عەبدی ئاشکرای کرد کە لە میونشن کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆکی هەواڵگریی حکومەتی ڕاگواستراو (ئینتیقالی) ئەنجام دراوە و تێیدا هەموو کێشەکان گفتوگۆیان لەسەر کراوە و لەسەر خێراکردنی ڕێکارەکان رێککەوتوون. لەگەڵ ئەمەشدا، دوو لیژنەی سەرکردایەتی لە هەردوولا پێکهێنراون کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی یەکگرتنەوە لەسەر ئاستی پارێزگای حەسەکە و هەموو دامەزراوەکانی پێش بخەن، بە مەرجێک شوێنی هەموو پێکهاتەکان و بەشدارییان لە بنیادنانەوەی پارێزگاکەدا پارێزراو بێت.
 
تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکان
 
دەربارەی تایبەتمەندیی کوردی، مەزڵووم عەبدی ئاشکرای کرد کە لەسەر پاراستنی تایبەتمەندیی ئەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردن رێککەوتن کراوە، کە بە واتای بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان لەلایەن خەڵکی خۆیانەوە دێت لە هەموو ئاستەکاندا لە ناو پێکهاتەکانی حکومەتدا. جەختی کردەوە کە هەموو پێکهاتەکان پێکەوە ناوچەکە بەڕێوە دەبەن و تایبەتمەندیی کوردیش لەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردن دەپارێزرێت. هەروەها رایگەیاند کە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی میونشن لەسەر پێویستیی دوورکەوتنەوە لە شەڕێکی نوێ و جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە هاودەنگ بوون، لەگەڵ بەڵێنی چاودێریکردن لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی، و بایەخێکی ئاشکراش بە مافەکانی گەلی کورد لە ناوچەکانی خۆیان دراوە.
 
رەتکردنەوەی گوتاری رق وکینە
 
عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە لەم دواییانەدا گوتاری رق وکینە و هاندانی نەتەوەیی و مەزهەبی زیادی کردووە کە ئەمە بۆ ناوچەکە کارێکی نائاساییە؛ جەختی کردەوە کە هەرێمی جەزیرە بە سەدان ساڵە سەرەڕای هەوڵی زۆر لایەن بۆ نانەوەی فیتنە، ژیانێکی پێکەوەیی ئاشتییانەی لە نێوان پێکهاتەکانیدا بەبێ ناکۆکی بەخۆیەوە بینیوە. بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم هەوڵانە سەرناگرن چونکە خەڵکی ناوچەکە لەسەر پێکەوەژیان رێککەوتوون. گوتیشی، پارێزگارێک هەیە کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان دەکات و هەمووان لە بنیادنانەوەدا دەبنە شەریک؛ داواشی کرد بە یەکگرتوویی ڕێگری لە فیتنە و گوتاری رق وکینە بکرێت کە هەڕەشەی هێنانی کارەسات دەکەن.
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، مەزڵووم عەبدی، لە کۆتایی گوتارەکەیدا جەختی کردەوە کە قۆناخی ئێستا دەستپێکی قۆناخێکی نوێیە و تێیدا وانە لە هەڵەکانی ڕابردوو وەردەگیرێت؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە داهاتوو گرنگترە و دەبێت کەس سەرەڕای ئەو هەڵانەی ڕوویان داوە بێئومێد نەبێت، پێویستە سەیری داهاتوو بکەن و پشت بە نەخشەڕێگەیەکی ڕوون ببەستن. هەروەها دووپاتی کردەوە کە یەکگرتوویی بۆ سەرخستنی رێککەوتنەکە، پاراستنی ئاشتیی هەمیشەیی و ڕێگریکردن لە هاندان و فیتنە، ئامانجی سەرەکیی قۆناخی داهاتووە.