ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان: کۆتایی بە کێشە یاساییەکانی بزووتنەوەکەمان هاتووە


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ، دوای بەستنی کۆنفرانس لە کەرکووک، کۆتایی بە کێشە یاساییەکانی بزووتنەوەکە هاتووە و ئێستا خاوەنی سەرکردایەتییەکی نوێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "گەڕانەوەمان بۆ گردی زەرگەتە بە ئەگەرێکی دوور دەبینم".
 
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری کەرکووک دووەمین کۆنفرانسى نیشتمانیی خۆی بەست، ئەمڕۆ دلێر عەبدولخالق، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەکە لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، کۆنفرانسەکەیان بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی دادوەرێک لە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و لیژنەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەچووە.
 
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گوتی: "لە دوێنێوە کە کۆنفرانس بە سەرکەوتوویی کارەکانی تەواو کردووە، لەڕووی یاساییەوە تەنیا یەک بزووتنەوەی گۆڕان هەیە کە سەرکردایەتییەکی نوێی بۆ هەڵبژێردراوە و مامەڵە لەگەڵ ئەوە دەکرێ، دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەری گشتی دیاریکراوە".
 
سەبارەت بە بارەگای سەرەکیی بزووتنەوەکە و ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ گردی زەرگەتە لە سلێمانی، دلێر عەبدولخالیق ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵ و نیوێکە بەهۆی کێشە نێوخۆییەکانەوە مەکۆیەکی دیکەیان لە سلێمانی کردووەتەوە؛ گوتیشی: "لە مانگی 9ی 2024 بە بڕیارێکی هەڵە دەرگای گردی زەرگەتە بەڕووی تێکۆشەرە دێرینەکان و هاوڕێ نزیکەکانی کاک نەوشیروان داخرا، بۆیە ئێمە بە ناچاری ئەوێمان بەجێهێشت".
 
لەبارەی ئەگەری گەڕانەوە بۆ گردەکە، دلێر عەبدولخالق گوتی: "لە دەستوورە نوێیەکەدا کە دوێنێ پەسەندکرا، بزووتنەوەی گۆڕان مافی ئەوەی هەیە مەکۆی سەرەکی لە هەر شارێکی کوردستان بکاتەوە. من ئەوە بە ئەگەرێکی دوور دەبینم کە بزووتنەوەی گۆڕان بچێتەوە گردی زەرگەتە".
 
دلێر عەبدولخالق دانی بەوەدا کە بزووتنەوەکەیان بە قۆناخێکی سەختدا تێپەڕیوە و گوتی: "ماوەیەکی زۆرە بزووتنەوەی گۆڕان لەڕووی سیاسی، دەنگ و تەنانەت گوتارەوە ئامادەیی لاواز بووە؛ "لەبارەی قۆناخی داهاتووش گوتی، کار لەسەر "نەخشەڕێگەیەک" دەکەن کە بە راوێژ لەگەڵ کەسانی ئەکادیمی و توێژەران دادەڕێژرێ بۆ "ئاشتکردنەوەی شەقام و گەڕانەوە بۆ نێو خەڵک".
 
سەبارەت بە کورسییە پەرلەمانییەکەی گۆڕان و پرسی پێکهێنانی حکومەت، دلێر عەبدولخالق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ دەستپێشخەرییەکی فەرمییان بۆ نەهاتووە و گوتیشی: "هەر دەستپێشخەرییەکمان بۆ بێت، جڤاتی نیشتمانی کۆدەبێتەوە و لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان بڕیار دەدات".