رێگەوبانی سلێمانی لەبارەی ئەو چاڵانەی لە رێگەکان بەهۆی لافاو دروستبوون: پارە هەبێت، چاکی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
بارانی بەخوڕ و لافاو، برینێکی قووڵی لە جەستەی رێگەوبانەکانی هەرێمی کوردستان جێهێشتووە. مانگێکە لافاو و بارانی بەخوڕ، رێگەی سماقوڵیی پڕ کردووە لە چاڵ. بەڕێوەبەرانی رێگەوبانیش دەڵێن، "ئەگەر پارە هەبێت چاکی دەکەین."
شۆفێران بە ترسەوە دەست دەدەنە سوکان، چونکە چاڵەکان لەژێر ئاودا شاراوەن و هەر ساتێک ئەگەری رووداوێکی سەخت هەیە.
بەهمەن ئەبوزێد، دووکاندار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی بینیومە لەو رێگەیەدا، هاوشێوەی نییە، ئۆتۆمبێل هەیە دوو تایەی تەقیوە. شەوی وا هەیە 6 - 7 ئۆتۆمبێل تایەیان دەتەقێت و دەبێت فریایان بکەوین."
تەنیا رێگەی نێوان شارەکان نییە، شەقامەکانی ناو شاریش بارودۆخیان لەوە باشتر نییە؛ قیرتاوەکان هەڵوەشاونەتەوە و بوونەتە هۆی قەرەباڵخی و تێکچوونی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان.
حکومەت دەڵێت، سەرقاڵی خەمڵاندنی زیانەکانە، بەڵام چاککردنەوەیان بودجەیەکی زۆری دەوێت و چاویان لە خەرجکردنی پارەیە.
جەلال ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاککردنی رێگەوبانی سلێمانی بە تۆڕیی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی بتوانین چاکی بکەین ئێستا پڕی دەکەینەوە؛ ئەوەیشی بەوە ناکرێت، لەگەڵ پردەکان دەرخستەی بۆ دەکەین و چاوەڕێی خەرجکردنی پارە دەکەین."
لە سنووری سلێمانی، زۆرترین زیان بەر پردەکانی چەمچەماڵ، قەرەداخ و بازیان کەوتووە؛ هەرچەندە بە شێوەیەکی کاتی رێگە بۆ گوندەکان کراوەتەوە، بەڵام مەترسییەکە هێشتا بەردەوامە.