سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک مەسعود بارزانی برووسکەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەموو ئەندام و لایەنگرانی بزووتنەوەکە کرد.
 
سەرۆک بارزانی هیوای خواستووە، "هەڵبژاردنی سەركردایەتیی تازەی بزووتنەوەی گۆڕان خزمەتی پڕۆسەی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان بكات."
 
رۆژی دووشەممە لە شاری کەرکووک، کۆنفرانسی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو، تێیدا رێکخەری گشتی و 55 ئەندامی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردران.

کۆنفرانسەکە بە بەشداریی 2132 کەس کە ساڵی 2017 بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی بزووتنەوەکە ناویان لە بەغدا تۆمار کردبوو مافی بەشداربوونیان هەبوو بەرێوەچوو.
 
دەقی برووسکەی پیرۆزباییەکەی سەرۆک بارزانی:
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
بەڕێز كاك دانا ئەحمەد مەجید ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان
 
بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێزتان وەك ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەكەتان، پیرۆزبایی لە ئێوە و ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان دەكەم. هیوادارم هەڵبژاردنی سەركردایەتیی تازەی بزووتنەوەی گۆڕان خزمەتی پڕۆسەی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان بكات.
 
هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
 
مسعود بارزانی
17ی شوباتی 2026