لیژنەیەک چارەنووسی پڕۆژە پەککەوتووەکانی کەرکووک یەکلایی دەکاتەوە
ڕووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی حکومەتی فیدراڵی بۆ پڕۆژە پەککەوتووەکانی کەرکووک پێکدەهێندرێ. هەر بەڵێندەرێک بەبێ پاساو پڕۆژەکەی دواخستبێت، لێی وەردەگیرێتەوە.
رۆژی سێشەممە 17ى شوباتى 2026 ، عەلی حەمادی، یاریدەدەری تەکنیکیی پارێزگاری کەرکووک بۆ کاروباری پلاندانانی ستراتیژی و وەبەرهێنان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، لیژنەیەک لە بەغداوە سەردانی پارێزگاکەیان کردووە بۆ چارەسەری کێشەی پڕۆژە پەککەوتووەکان کە ساڵانی رابردوو دراونەتە بەڵێندەر و جێبەجێ نەکراون، کە نزیکەی 23 پڕۆژە دەبن.
لەکۆی 113 پڕۆژەی جۆراوجۆری کەرکووک، تەنیا 10 بۆ 15 پڕۆژەیان کاریان تێدا دەکرێ و ئەوانی دیکە بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی پارەوە وەستاون.
عەلی حەمادی رایگەیاند، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ هەڵسەنگاندنی هۆکاری دواکەوتنی ئەو پڕۆژانە و ئەگەر پاساوێکی رەوایان نەبێت، بە بڕیاری دەستەی گشتیی وەبەرهێنانی عێراق لە بەڵێندەران وەردەگیرێنەوە.
لە 27ی کانوونی دووەمی 2026 ئەو بەرپرسەی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، تەواوکردنی پڕۆژەکانی کەرکووک پێویستیان بە نزیکەی 400 ملیار دینارە و نزیکەی 180 ملیار دینار پارەی شایستەی بەڵێندەرانە و پێویستە وەریبگرن.
لە یەکی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە خەرجیی بودجەی گشتیی عێراق کرایە یەک لەسەر دوازدەی خەرجیی ساڵی 2025، کە زۆربەی دەستپێوەگرتنەکە لە پارەی بودجەی وەبەرهێنان و پڕۆژەکانە.