نووسینگەی سەرۆکوەزیران روونکردنەوە لەبارەی پسووڵەی کارەبای پڕۆژەی رووناکی بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی چۆنیەتی هەژمارکردنی نرخی کارەبا لە پڕۆژەی (رووناکی) بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پڕۆژەکە تێچووی مانگانەی کارەبای لەسەر هاونیشتمانییان کەمکردووەتەوە و درێژبوونی ماوەی پسووڵەش نابێتە هۆکاری گرانبوونی نرخ.
بەپێی روونکردنەوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، درێژیی ماوەی پسووڵە (بۆ نموونە ئەگەر لە 30 رۆژ زیاتر بێت) هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر نرخ نابێت، چونکە ئاستەکانی بەکارهێنان بەپێی رۆژەکان زیاد دەکرێن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەگەر خێزانێک لە 30 رۆژدا 600 کیلۆوات کارەبا بەکاربهێنێت، تێچووەکەی دەبێتە 50 هەزار دینار. بەڵام ئەگەر ماوەی پسووڵەکە ببێتە 45 رۆژ (واتە یەک هێندە و نیو)، ئەوا ئاستی یەکەمی نرخ کە پێشتر بۆ 400 کیلۆوات بوو، دەبێتە 600 کیلۆوات. ئەمەش وا دەکات تێچووی هەمان بڕی کارەبا لە ماوەیەکی درێژتردا کەمتر بێتەوە، چونکە تێکڕای بەکارهێنانی رۆژانە کەمتر هەژمار دەکرێت.
بەراوردکاری لەگەڵ سیستمی پێشوو
نووسینگەی سەرۆکوەزیران بەراوردکارییەکی بۆ تێچووی کارەبا پێش پڕۆژەی رووناکی و دوای پڕۆژەکە کردووە:
پێش رووناکی: خێزانێکی ئاسایی بۆ چوار ئەمپێر کارەبای مۆلیدە 80 هەزار دینار و کارەبای نیشتمانی نزیکەی 20 هەزار دینار، مانگانە بەکۆى گشتی 100 هەزار دیناریان داوە.
دوای رووناکی: داتاکان دەریدەخەن 50%ی هاوبەشانی ماڵان لە هەموو کوردستان، بۆ 45 رۆژ کەمتر لە 73 هەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کارەباکەیان 24 کاژێری و بێ پچڕان بووە.
داشکاندنی 20% و خزمەتگوزارییەکان
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پاڵپشتییەک بۆ هاوبەشانی ماڵان، بڕیاری داوە تاوەکو رێککەوتی
2026-03-12، هەر بڕە پارەیەک (کارەبای نوێ یان قەرزی کۆن) لە رێگەی سەکۆی (ئی-پسووڵە) بدرێت، رێژەی 20%ی ئەو بڕە پارەیە لەسەر پسووڵەی مانگی داهاتوویان کەم دەکرێتەوە.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا هاتووە، لە دوو رۆژی رابردوودا کورتەنامە بۆ 500 هەزار ماڵ و شوێنی بازرگانی نێردراوە بۆ ئاگادارکردنەوەیان لە نرخ و بڕی بەکارهێنانی کارەباکەیان. نووسینگەکە دەڵێت، هاونیشتمانییان دەتوانن بۆ خەمڵاندنی نرخی پسووڵەکانیان سەردانی ماڵپەڕی (runaki.gov.krd) بکەن.