لە زاخۆ ئاگر لە کەمپێکی کوردانی ئێزدی کەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئاگر لە کەمپێکی کوردانی ئیزدی لە سنووری زاخۆ کەوتەوە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی شارەکە دەڵێ، لە رووداوەکەدا کەسێک سووتاوە.
موقەدەم جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگرەکە نزیک کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کەمپی باجد کەنداڵ کەوتووەتەوە و دوو چادر سووتاون".
بەرگریی شارستانی سنووری زاخۆ چوونەتە شوێنی رووداوەکە و رێگرییان کردووە لەوەی ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بکات.
موقەدەم جەمال گوتی: "بەهۆی ئاگرەکەوە کەسێکی بەتەمەن 20%ـی جەستەی سووتاوە و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کراوە".
لە دوو مانگی رابردوودا ئەمە سێیەم رووداوی ئاگرکەوتنەوەیە لە هەمان کەمپ رووبدات، دوو رووداوەکەی پێشوو یەکێکان لە بازاڕی کەمپەکە و ئەوی دیکە ماڵێکی دیکەی ئاوارە بوو.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی زاخۆ گوتی: "ئاگرەکەی ئەمڕۆ هۆکاری شۆرتی کارەبا بووە؛ زۆرینەی رووداوەکانی ئاگر لە کەمپەکە هەمان هۆکارن".
کەمپی باجد کەنداڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کوردانی ئێزدی تێدا نیشتەجێن، خەڵکی شنگال و دەوروبەرین.