کەشناسیی هەرێمی کوردستان: ئەمشەو باران دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان "نمەباران و بارانی مامناوەند" دەبارێت. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات، سبەی دۆخی کەشوهەوا سەقامگیر بێتەوە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند: "ئەمشەو نمەباران و بارانی مامناوەند لە ناوچەکانی ئیدارەی زاخۆ دەستپێدەکات و دواتر کاریگەرییەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، دواتر دەگاتە ئیدارەی راپەڕین و ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، سەنتەری هەولێر و پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ ئەگەری کەمێک نمەباران لە باشووری هەرێمی کوردستان ناوچەکانی گەرمیان".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەی رایگەیاندووە: "ئاسمان هەوری تەواو دەبێ لەگەڵ نمەبارانی پچڕ پچڕ لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنوورییەکان. هەروەها ئەگەری نمەبارانێکی کەم لە سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر هەیە لە کاتەکانی بەیانی زوودا".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بارانەکە درەنگی ئەمشەو دەستپێدەکات و کەشێکی ناسەقامگیر دەبێ، کاریگەریی زیاتر لەسەر پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر ئیدارە سەربەخۆکانی ئەو سنوورانە دەبێ".
ئەو کەشناسە پێشبینی دەکات، "بارانە زۆر بە لاوازی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بگرێتەوە، نیوەڕۆی سبەی چوارشەممە دۆخەکە بە گشتی ئاسایی دەبێتەوە".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ پلەی گەرما 2 بۆ 3 پلەی سیلیزی بەرز بووەتەوە، هەروەها سبەی "نزیکە" لە پلە تۆمارەکراوەکانی ئەمڕۆ و بەمشێوە دەبێت:
هەولێر: 24 پلەی سیلیزی
پیرمام: 20 پلەی سیلیزی
سۆران: 19 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 16 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 22 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 24 پلەی سیلیزی
دهۆک: 20 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 20 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 22 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 28 پلەی سیلیزی