پردی دەربەندی رانیە دوای نەورۆز دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە دوای جەژنی نەورۆز، پردی دەربەندی رانیە بکرێتەوە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی راپەڕین دەڵێت، کارەکانی پردەکە تەواو کراون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئەمڕۆ (یەکشەممە) بڵاویکردەوە، پڕۆژەی پردی دەربەندی رانیە یەکێکە لە پرۆژە ستراتیژییەکان لە دوای جەژنی نەورۆز بە رووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە.
تاریق خدر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی رێگەوبانی راپەڕین ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو کارەکانی پردەکە و قیرکردنی تەواو کراون. ئەوەی ماوەتەوە چەند وردەکارییەکی پڕۆژەکەن، بەتایبەت سەوزایی، کاری تێدا دەکرێت و دوای نەورۆز لە رێوەڕەسمێکدا دەکرێتەوە."
پردەکە بە گوژمەی 12 ملیار و 400 ملیۆن دینار دروستکراوە؛ جگە لە پردەکە، کیلۆمەترێک رێگە لە هەردوو دیوی قیرتاو کراوە.
درێژیی پردی دەربەندی رانیە 420 مەترە؛ بەرزییەکەی 25 مەتر و پانییەکەشی 15 مەترە، دەڤەری بیتوێن و بەری مەرگە پێكەوە دەبەستێتەوە و دەبێتە رێگەیەکیش بۆ گەیشتنی رانیە بە سلێمانی.