بەشێک لە کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی شووباتەوە، بەشێکی کارمەندانی هاتووچۆی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان راگەیاند. بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆ دەڵێت، ئەو هاونیشتمانییانەی تاوەکو ئێستا نەچوونەتە بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئیدی سەردان نەکەن.
عهمید ئاسۆ محەممهد، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە 17-03-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە بەشێکی کارمەندانمان بایکۆتی دەوامیان کردووە."
بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی گوتیشی، ئەو هاونیشتمانییانەی ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدان، کارەکانیان رایی دەکەن، "نازانین دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت؛ بۆیە با هیچ کەسێک سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان نەکات."
دروستبوونی قەرەباڵخی لەبەردەم هاتووچۆی سلێمانی بەهۆی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بایکۆتی دەوامیان کردووە
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 17, 2024
بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەو هاونیشتمانییانەی ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدان، کارەکانیان رایی دەکەن، "نازانین دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت؛ بۆیە با هیچ کەسێک… pic.twitter.com/DAVbXkquey
بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان لەو فەرمانگانەن کە داهاتی رۆژانەیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرە.
تاوەکو ئەمڕۆی مووچەی مانگی شووبات دابەشنەکراوە، لە کاتێکدا لە 11ی ئادارەوە وەزارەتی دارایی عێراق نزیکەی 560 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داوای 949 ملیار 813 ملیۆن دیناریان لە بەغدا کردبوو، بەڵام بەو بڕەی کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ مووچە ناردوویەتی 390 ملیار دینار کورتهێنانی هەیە.
رۆژی هەینی، 15-03-2024یش ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گوتی، داهاتی نێوخۆ 374 ملیار دینارە، بەڵام بەشێکی لە فەرمانگەکاندا چەکە و کاش نییە؛ بەشێکی دیکەی وەک داهات هەژمار دەکرێت، بەڵام بەشێوەی قەرزی ئاو، کارەبا و قەرزەکانی دیکەیە کە لای هاونیشتمانییانە و بەشێوەی کاش ناگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت.