وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ رووداو: 30ی تەممووز کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دادەخرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، "سوورین لەسەر ئەوەی لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵدا سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن." ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانج لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ شنگال هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بوو.
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی یەکشەممە 17ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حکومەتی عێراق پێداگرە لەسەر ئەوەی لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن و ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پێشبینی دەکات لە مانگی پێنج دا و دوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەی قوتابیان، ژمارەیەکی زۆری ئاوارە بگەڕێنەوەی زێدی خۆیان.
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە هەرێمی کوردستاندا 24 کەمپ هەن.
 
عەلی عەباس دەشڵێت، سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ شنگال لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بوو بۆ ئەوەی گەڕانەوەی ئاوارەکان پەلەی تێدا بکرێت و سەرجەم وەزارەتەکان فەرمانگەکانیان لە قەزاکە بکەنەوە.
 
رۆژی 4ی ئاداری 2024 محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی شنگالی کرد و سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوای کرد.
 
سوودانی رایگەیاند، ئامادەن دەست بە هەڵمەتێکی فراوانی ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکەن و ئاماژەی بەوەش کرد، 50 ملیار دیناریان لە بودجەی فیدراڵی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا تەرخانکردووە و داوایان لە وەزارەتەکان کردووە، فەرمانگەکانیان لە شنگال بکەنەوە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەى ئامارێکى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، بەهۆى هێرشی داعش و داگیرکردنى قەزاى شنگالەوە لە لایەن داعشەوە 80%ـی ژێرخانى قەزاکە وێران بووە و 70%ـی خانووەکانى رووخاون.
 
رۆژی 02-01-2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا پێداویستیی ئاوارەی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان دابین بکرێت، رۆژی 30ـی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان.
 
بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە پێکبهێندرێت.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، "بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و زەوینەسازیی تەواو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، مانگێکی دیکە وادەی داخستنی کەمپەکانمان درێژکردووەتەوە. دەبێت تاوەکو 30ـی تەممووزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن."