دەنگێکی بەهێز لە فڕۆکەخانەی کەرکووک بیسترا؛ پۆلیس دەڵێت 'هێرش نییە'
رووداو دیجیتاڵ
دەنگێکی بەهێز لە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک بیسترا، بەڵام پۆلیسی شارەکە رایدەگەیێنێت کە ''هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە.''
پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، درەنگی شەوی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، دوای بیستنی دەنگە بەهێزەکە، هێزێکی زۆری ئەمنی بەرەو دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک رۆیشتوون و جێگیرکراون.
بەپێی زانیارییەکان، تەنێکی نامۆ لە هۆڵی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگری ئاسمانی بەشی سەربازی فڕۆکەخانەکە کەوتووەتە خوارەوە و زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئێستا لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە و تائێستا بە تەواوی روون نییە ئەو تەنەی کەوتووەتە خوارەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بووە یان مووشەک.
پۆلیسی کەرکووکیش دەڵێ، هیچ هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک نەکراوە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە هێرش دەکەن و دەڵێ تەنیا ئاگر کەوتووەتەوە.