هەرێمی کوردستان لە 17 رۆژدا بە 337 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری

 
رووداو دیجیتاڵ

لە 28ـی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەری. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەو رۆژەوە بە 337 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان. لەنێویاندا شەوی رابردوو شاری هەولێر بە هەشت دۆرن کرایە ئامانج.
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، لە یەکەم رۆژی هێرشەکانەوە هەشت کەس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و 45 کەسیش بریندار بوون.
 
نوێترین هێرشەکان
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی دووشەممە سنووری پارێزگای هەولێر بە 9 درۆن هێرشی کرایە سەر؛ بەشێکیان بە دەنگە بەرزەکەیان دڵەڕاوکێیان لای هاونیشتمانیان دروستکرد.
 
لە کاژێر 07:00ی ئێوارە بۆ 10:00ی شەو 4 درۆن ئاراستەی هەولێر کران؛ سێییان لە ئاسمان لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە خرانە خوارەوە، یەکێکیان کەوتە نێو بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی هەولێر لە گەڕەکی ئازادی و زیانی مادی لێکەوتەوە.
 
هەر شەوی رابردوو کاژێر 10:00 بۆ 12:00ی شەو، سنووری هەولێر بە چوار درۆنی دیکە کرایە ئامانج. درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێکشکێندران و بێکاریگەر کران.
 
هەر دوێنێ دووشەممە، کەمپێکی ماڵباتی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر بە درۆن هێرشی کرایەسەر. سەرچاوەیەک لە حیزبەکە بە رووداوی گوت، "زیانی گیانی نەبووە."
 
بەهۆی هێرشەکانی دوێنێوە، بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و کەلوپەلی خۆراکی هەولێر بەشێکی سووتا و زیانی بەرکەوت، هەروەها چەند ئۆتۆمبێلێکی هاونیشتمانیان لە نزیکی شوێنی بۆردوومانەکە و زیانی مادییان بەرکەوت.
 
قوربانییەکانی 17 رۆژی هێرشەکان
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە هەرێمی کوردستان بە 337 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری. لەو ژمارەیە 280 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەولێر و سنووری پارێزگاکە کراون؛ 50 درۆن و مووشەک ئاراستەی سلێمانی و سنووری پارێزگاکە کراون؛ هەروەها لە سەرەتای جەنگەکەوە پێنج درۆن ئاراستەی پارێزگای دهۆک کراون یان لە سنوورەکە کەوتوونەتە خوارەوە، هەروەها دوو درۆنیش ئاراستەی سنووری هەڵەبجە کراون.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە 28ـی شوباتەوە 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 45 کەسیش برینداربوون.
 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، شەشیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون کە دووانیان لە هەولێر و دووانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا بوون؛ هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
 
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بریندارەکان بریتین لە سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی. 
 
هەر لەنێو بریندارەکان 13 سڤیل هەن. یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر بریندار بوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆش چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون.
 
هەر لەنێو بریندارەکاندا، دوو ئەندامی هێزێکی ئەمنی لە نزیک هەولێر هەن؛ هەروەها لە ئەنجامی هێرشەکان، 18 پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شەش سەربازی فەرەنسا برینداربوون.
 
‎ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون
 
پارێزگای هەولێر
 
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتوونەتە خوارەوە: مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان و سۆران.
 
‎پارێزگای سلێمانی
 
سلێمانی، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی فەرماندیی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ.
 
‎پارێزگای دهۆک
 
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و سنووری ئاکرێ.
 
‎پارێزگای هەڵەبجە
 
چیای شنروێ
 
‎جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان دەستیانپێکردووە.
 
‎زۆربەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە کراون، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق کە ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپرسیاریێتیی زۆربەی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە، کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.