سەفین دزەیی: هەرێمى کوردستان پابەندە بە پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان


رووداو دیجیتاڵ 

سەفین دزەیی بە جیا لەگەڵ کۆنسووڵی هۆڵەندا، تورکیا، ژاپۆن و رووسیا کۆبووەوە و دەڵێ، هەرێمی کوردستان نایەوێ ببێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان، پابەندبوونى هەرێمى کوردستانیشی بە پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان دووپاتکردەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی ئاداری 2026، سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى هەرێمی کوردستان، بە جیا لەگەڵ ئادریان ئایشلشتاین، کۆنسووڵی گشتى هۆڵەندا؛ ئەرمان توپچۆ، کۆنسووڵی کۆمارى تورکیا؛ هیتۆشی ئیشیزۆکا، کۆنسووڵی ژاپۆن و ماکسیم روبین، کۆنسووڵی رووسیا لە هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەتی هەرێمی کوردستان کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، لە هەر چوار کۆبوونەوەکەدا سەفین دزەیی تێڕوانینى حکومەتى هەرێمى کوردستانی خستەڕوو لەمەڕ پرسە هەنووکەییەکان، شەڕ و ململانێى ناوچەکە، هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمى کوردستان، هەناردنەکردنەوەى نەوت و رێکارەکان لەژێر رۆشنایی هەڵوێستى حکومەتى هەرێمی کوردستان. 
 
سەفین دزەیی گوتی: "هەڵوێستى هەرێمى کوردستان روونە و بە هیچ شێوەیەک نایەوێ ببێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان." ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرەتاى شەڕەکەوە هێزە لە یاسا دەرچووەکانى عێراق بە درۆن و مووشەک ناوچە جیاوازەکان و دامەزراوە فەرمیەکان و خەڵکى سڤیل و نێردەى دیپلۆماسى وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج و "تا ئێستا ژمارەیەک هاووڵاتى و هێزى ئەمنى شەهید و برینداربوون".
 
سەفین دزەیی پابەندبوونى هەرێمى کوردستانى بە پاراستنى نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە "لە تەواوى کۆبوونەوەکان دیپلۆماتکاران جەختیان لە بایەخى کەمکردنەوەى گرژییەکان کردەوە و کۆک بوون لەسەر سەرکۆنە کردنى ئەو هێرشانەى بێ پاساو دەکرێنە سەر هەرێمى کوردستان، هاوکات هەڵوێستى وڵاتەکانیان دووپاتکردەوە بۆ کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ هەرێمى کوردستان و تەواوى عێراق".