رێبوار تەها: وازهێنانم لە پۆستی پارێزگار بە ویستی خۆم نەبوو
رووداو دیجیتاڵ
رێبوار تەها، پارێزگاری پێشووی کەرکووک لە یەکەم لێدوانیدا دوای جێهێشتنی پۆستەکەی رایگەیاند، بڕیاری رۆیشتنی بە ویست و دەسەڵاتی خۆی نەبووە و دەڵێت: "رەتمکردەوە بچمە بەغدا و چەندین پۆستی باڵام رەتکردەوە تەنیا لەپێناو ئەوەی لە کەرکووک بمێنمەوە و خزمەت بکەم."
رێبوار تەها، رۆژی پێنجشەممە 16ـی نیسانی 2026، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئاراستەی خەڵکی کەرکووکی کردووە، ئاماژەی بەوە کرد، گۆڕینی پێگەکەی لە پارێزگارەوە بۆ جێگری یەکەم "بڕیارێکی ئاسان نەبووە" و گوتی: "قورسە بۆم بمێنمەوە وەک جێگری پارێزگار، بەڵام ئەگەر وەک فەرمانبەرێکیش بێت هەر لە کەرکووک دەمێنمەوە."
بە گوتەی رێبوار تەها لە قۆناخی داهاتوودا بڕیارەکانی پارێزگا بە تەبایی و سازان لەگەڵ جێگرەکان دەردەچن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پەیڕەوکردنی شێوازێکی بەشداریپێکردن لە بەڕێوەبردنی شارەکەدا.
هەر ڕۆژی پێنجشەممە، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی وەک پارێزگاری نوێ هەڵبژارد. ئەم هەنگاوە وەک جێبەجێکردنی رێککەوتنی ساڵی 2024ـی لایەنەکان دێت بۆ ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکە.
محەممەد سەمعان، پارێزگاری نوێی کەرکووک، وەرگرتنی پۆستەکەی بە "رووداوێکی مێژوویی" ناوبرد و رایگەیاند: "لە چوار مانگی رابردوودا بەردەوام لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لەسەر هێڵ بووین بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکان. ئەمڕۆ دوای 102 ساڵ، حەسرەتی تورکمان کۆتایی هات و پارێزگاری کەرکووک تورکمانە."
دەستلەکارکێشانەوەی رێبوار تەها لە چوارچێوەی رێککەوتنی "هوتێل رەشید" بوو، کە تێیدا بڕیاردرابوو پۆستی پارێزگار لەنێوان پێکهاتەکانی کورد، تورکمان و عەرەب بەشێوەی خولی بێت.
بەپێی رێککەوتنەکە، کورد لە ئابی 2024 تاوەکو کانوونی یەکەمی 2025 پۆستەکەی لەدەستدا بوو. تورکمان لە سەرەتای 2026ـەوە پۆستەکە وەردەگرێت و عەرەب لە سەرەتای ساڵی 2027 پۆستەکە وەردەگرێت.
رێبوار تەها کە لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا 96 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، وەک خاوەنی بەرزترین دەنگ لەسەر ئاستی عێراق ناسرا (تەنانەت لە دەنگەکانی سوودانیش زیاتر بوو کە 92 هەزار دەنگ بوو). ئەو پێشتر پۆستی پەرلەمانتاریی جێهێشت بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگار، ئێستاش وەک پابەندییەک بە رێککەوتنی سیاسی، پۆستەکەی رادەستی پێکهاتەی تورکمان کرد.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، رۆژی پێنجشەممە ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان لەبەردەم بینای ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دژی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگار دەربڕی.