حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران: لە ئەنجامی هێرشی ئێران شەهید و بریندارمان هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرکردەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێ، لە دوو هێرشدا بۆسەر هێز و کەمپەکانی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 3 هاونیشتمانی شەهید بوون و 2 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
کاوە بەهرامی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی و بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە درۆن هێرش کراوەتە سەر کەمپی جێژنیکان لە سنووری قەزای بەحرکە لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا کوڕی پێشمەرگەیەک شەهید بووە و خۆیشی بریندار بووە. 
 
کەمپی جێژنیکان کەمپی خێزانەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستانە. 
 
کاوە بەهرامی ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەمڕۆ بە مووشەک هێرش کراوەتە سەر بارەگای حیزبەکەی لە سنووری سیدەکان لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا دوو کچە پێشمەرگە شەهید بوون و کچە پێشمەرگەیەکی دیکەش بریندار بووە. 
 
لە لایەکی دیکەوە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کەمێک لەمەوبەر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "هێرشی دڕۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان شەهید و برینداری لێ کەوتەوە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی، بە مووشەک و درۆن شەپۆلێکی نوێی هێرشی کردەوە سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. بەو هۆیەوە باوک و کوڕێک شەهید و بریندار بوون. لەو پەلامارەدا شاهین ئازەربەرزین، شەهید بووە و نادر ئازەربەرزین، باوکی شاهین بە سەختی بریندار بووە".
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هەروەها لە هێرشێکی دیکە بۆ سەر پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزب دوو پێشمەرگەی کچ بە ناوەکانی نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری شەهید و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە بریندار بوون".