عەبدوڵڵا موهتەدی: فیدراڵی بۆ ئێران زۆر گونجاوە
رووداو دیجیتاڵ
لەنێو پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە و داهاتووی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کرد. عەبدوڵڵا موهتەدی کە وەک نوێنەری یەکێک لە جەمسەرە سەرەکییەکانی "دیموکراسیخوازەکانی ئێران" بانگهێشتی برۆکسل کرابوو، دەڵێت، سەرباری ئاگربەست، هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن.
سەبارەت بە دەنگۆکانی پەیوەست بە بوونی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل، عەبدوڵڵا موهتەدی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە "ئێران هەرکەسێک لەگەڵ ئایدۆلۆژیاکەیدا نەبێت، بە پیاوی ئیسرائیل" ناوی دەبات.
عەبدوڵڵا موهتەدی "فیدراڵییەت" وەک گونجاوترین سیستمی بەڕێوەبردن بۆ ئێران دەبینێت و پێیوایە وڵاتەکە بەهۆی فرەنەتەوەییەوە، تەنیا بە دابەشکردنی دەسەڵات دەتوانێت رووی دیموکراسی ببینێت.
لەبارەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پێشبینییەکی کرد و گوتی: "ئەگەر کۆماری ئیسلامی ناچار بکرێ مەرجە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئەمریکا قبووڵ بکات، ئەوا مووشەکێکی ئەمریکیی پێ باشترە لە قبووڵکردنی ئەو مەرجانە،" چونکە بە بڕوای ئەو، مانەوەی دەسەڵاتی ئێران لەسەر دەسەڵات تەنیا پێوەری "سەرکەوتنە" لای تاران.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران لەگەڵمانە لە نێو پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا. کاک عەبدوڵڵا، پرسیاری شەڕ بکەین. سەرەتا سەرباری ئەوەی ئێستا ئاگربەست هەیە، بەڵام ئێوەش وەک حیزبەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانیی حیزبە کوردستانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەبوونە بەشێک لەم شەڕە. هۆکاری ئەمە هەڵوێست و پرەنسیپی ئێوە بووە یان گوشاری هەرێمی کوردستان بوو، یان هۆکارێکی دیکەی هەبووە؟
عەبدوڵڵا موهتەدی: ئێمە بەشێک لەو شەڕە نەبووین، پێمان وایە خوڵقێنەری سەرەتایی ئەو شەڕە رژێمی ئێرانە، چونکە لە 47 ساڵ لەمەوپێشەوە شەڕ بە ئەمریکا دەفرۆشێت، بەتەمای نابووتکردن و لەناوبردنی ئیسرائیلە، بەتەمای دەرکردنی ئەمریکایە، پایتەختە عەرەبەکانیان بۆ خۆیان باسی ئەوەیان دەکرد کە پێنج پایتەختی وڵاتە عەرەبییەکان کۆنترۆڵ دەکەن، پرۆکسییەکانیان بڵاوکردوونەتەوە لە هەموو ناوچەکە.
بینیمان کە شەڕەکەش دەستی پێکرد، زیاتر لە 10 وڵات هێرشیان کرایەسەر کە لایەنی شەڕەکە نەبوون و هێرشیان کردە سەر نەوت و گاز، هۆتێل، ماڵ و جێی بازرگانی و ئەوانە. بۆیە ئەم شەڕە لە ئایدۆلۆژیاکانەوە سەرچاوە دەگرێ، لە دیدگەی ئاخیر زەمانییەکانەوە سەرچاوە دەگرێ کە پێیان وایە دەبێ ئیمامی زەمان بێ و پێیان وایە دەبێ ئیمپراتۆرییەتێکی گەورەی شیعە دروست بکەن و دەست بەسەر هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بگرن. ئەم شەڕە سەرچاوە سەرەکییەکەی لەوێیە و دەستی پێکراوە.
لایەنەکەی دیکەشی ئەمریکا و ئیسرائیلن کە لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەترسن، لە بەرنامەی موشەکیی ئێران دەترسن، ئەوانیش بەرژەوەندیی خۆیان هەیە. ئێمەی کورد بەرژەوەندیمان هیچکام لەو دووانە نییە. ئێمە بۆ میللەتەکەی خۆمان هەوڵ دەدەین. شەڕ نەبێت ئێمە هەر خەباتمان هەیە، شەڕیش ببێت خەباتەکەمان درێژەی هەیە. بەڵام ئایا بۆمان نییە ئێمە لە شەڕ کەڵک وەربگرین؟ بۆمان نییە لە قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی کەڵک وەربگرین؟ بەڵێ بۆمان هەیە، بەڵام لەم شەڕە دیاریکراوەدا نە ئێرانمان ئەوەندە بە لاواز دەزانی، نە خەڵک ئەوەندە هاتنە مەیدان، ئەوە دەمێنێتەوە بۆ قۆناخەکانی دوایی.
بۆیە خەباتی ئێمە درێژەی هەیە، بەڵام بە پێویستمان نەزانی و لە دۆخی بەرگریدا ماوینەتەوە. پتر لە مانگێکە هەر دێن و پێرێش جارێکی دیکە لە حیزبە کوردییەکانیان داوە بە درۆن، یانی ئەم ئاگربەستە وا دیارە کورد ناگرێتەوە. کورد دەبێ هەر سەری ببڕدرێ و بیکوژی و بۆردوومانی بکەی و تۆپبارانی بکەی و مووشەکبارانی بکەی.
رووداو: کاک عەبدوڵڵا، کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر جار ئێوە وەک کۆمەڵە تۆمەتبار دەکات کە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن. بە راستی وایە؟
عەبدوڵڵا موهتەدی: کۆماری ئیسلامی، خاتەمی کە سەرۆککۆماری خۆیان بوو، ئەویشی تۆمەتبار دەکرد کە لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندی هەیە و لەگەڵ جۆرج سۆرۆس لە ئیسرائیلییەکان پەیوەندیی هەیە. یانی ئەگەر بە قسەی دەوڵەتی ئێران بێ، هەموو لە هەرێمی کوردستانەوە تا عەرەبستانی سعودیە، ئیمارات، تاوەکو هەموو ئەو وڵاتانە هەموو نۆکەری ئیسرائیلن، چونکە ئەوان دروشم و دەستەواژەی لەناوبردنی ئیسرائیل و یەهوودییان هەڵگرتووە و ئەوە درووشمێکی قورس و گەورەیە، هەرکەس لەگەڵیان نەبێت و هەرکەس ئەو ئایدیۆلۆژیایە و ئەو مەرامە وەرنەگرێت، ئەوان بە پیاوی ئیسرائیلی دادەنێن.
رووداو: کاک عەبدوڵڵا، ئێوە لەنێو هاوپەیمانیی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای فیدراڵییەت دەکەن. زەوینە هەیە ئێستا لە ئێران یان دوای ئەوەی ئەم جەنگە کۆتایی دێت بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە؟
عەبدوڵڵا موهتەدی: لە سەردەمی سەدام حوسێن کەس پێی وابوو کوردی عێراق فیدراڵی وەردەگرن؟ کەس پێی وانەبوو. بەڵام خەباتیان کرد بۆ مافی کورد، چەند هەزار شەهیدیان دا، سەرەنجام کە هەلێک رەخسا لەو هەلە کەڵکیان وەرگرت و هاوپەیمانیی ئەمریکایان کرد و دەستکەوتی چاکیشیان بوو، نێوانیشیان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی هەبوو. ئێمەش هەمان شت، بە یەک جیاوازییەوە؛ عێراق دوو نەتەوەی سەرەکییە، نەتەوەی دیکەشی تێدایە بەڵام دوو نەتەوەی سەرەکی کورد و عەرەب، بەڵام ئێران پێنج تاوەکو شەش نەتەوەیە. بۆیە ئەگەر فیدراڵی بۆ جێیەک بەکەڵک بێ و بۆ جێیەک گونجاو بێ، ئەو جێیە رێک ئێرانە.
ئێران چاکترین وڵاتە بۆ پیادەکردنی فیدراڵی، چونکە ئێران پاشماوەی ئیمپراتۆرییەتێکی گەورەیە و وەک هەموو ئیمپراتۆرییەتەکان نەتەوەی جۆراوجۆر و ئایین و فەرهەنگی جیاوازی تێدابووە. ئێرانی سبهینێ ئەگەر بیەوێ رووی دیموکراسی ببینێ، لەگەڵ میللەتەکەی خۆی لە ئاشتیدا بێ و لەگەڵ دراوسێکانیشی ئاشت بێ، دەبێ جۆرێک لە بەفەرمی ناسین و خۆکۆکردنەوەی ئەو پێناسە جیاوازانەی هەبێ، فێدراڵی واتای ئەوەیە کە هەموو لە دەسەڵاتدا هاوبەش بن و بتوانین ناوچەکانی خۆمان ئیدارە بکەین.
بەڵێ، بە بڕوای من دەرفەت بۆ ئەوە هەیە و هیوادارم ببێ. ئەوە شتێکە دەبێ کاری بۆ بکەین، ئەورووپییەکان و ئەمریکییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بگەیەنینە ئەو بڕوایەی کە بە قازانجی ئەوانیشە؛ ئێرانییەکی ئاشتیخواز، ئێرانییەکی تۆتالیتێر نییە، ئێرانییەکی دیموکراتە.
رووداو: کاک عەبدوڵڵا، پرسیارێکی دیکەش لەسەر هەڵوێستی ئێوەی حیزبەکانی نێو هاوپەیمانییەتی بکەم. ئێوە حیزبی جیاوازن. زۆر جار لە وردەکارییەکاندا هەڵوێستی تەواو جیاوازتان هەبووە. بەڵام مەبەستم ئەوەیە پرسیار دەربارەی هەڵوێستەکانی پژاک بکەم. هەڵوێستەکانی بە ڕاستی گونجاون لە چوارچێوەی ئەم هاوپەیمانییەتییەدا و بۆ بنەمای کاری بەرەکەتان؟
عەبدوڵڵا موهتەدی: پژاک هەموو ئەو بەڵگەنامانەی کە رەزامەندییان لەسەر کراوە و کۆک بووین، هەمووی ئیمزا کردووە، هەمووی قبووڵە و لەو چوارچێوەیەدا کار دەکات. دیارە هەر حیزبە بەرنامەی خۆی هەیە، سیاسەتی خۆی هەیە، ئەجێندای خۆی هەیە، حەقیشی هەیە بۆی تێبکۆشێ، هەر کام لە حیزبەکان ئەو مافەیان هەیە. بەڵام هەموومان بە پژاکیشەوە و بە غەیری پژاکیشەوە دەبێ پابەند بین و پابەند بین بەو بەرژەوەندە گشتییەی کە هاوپەیمانییەکە نوێنەرایەتی دەکات. ئەو هاوپەیمانییە هەنگاوێکی چاک بوو هەڵگیرا و دەبێ بیپارێزین و پەرەی پێ بدەین.
رووداو: ئەو گرژییەی ئێستا لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا هەیە، پێت وایە ئەمە دەبێتە ئاشتییەکی جێگیر؟
عەبدوڵڵا موهتەدی: رێککەوتن نەکراوە، ئاسان نییە بسازێن، چونکە ئەوەی ئەمریکا دەیەوێ کە حەق بەوە، راست دەکات، ئەوەیە کە ئێران دەبێ بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستی لێ هەڵبگرێ، چونکە ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمە و هەموو دنیا دەزانێ. ئەگەر تۆ بتەوێ بۆ ریاکتۆرێکی ئەتۆمی کار بکەی، دەچی وەک هەموو دنیا ریاکتۆرەکەت لەسەر ئەرز دانانێی. ئەگەر 300 مەتر چوویە بن شاخەوە و لەوێ هەڵتکەند و شتێکت دروست کرد و کەس نەیزانی چ دەکەی، دیارە مەبەستێکت هەیە.
بە هەر حاڵ، ئێران دەبێ دەست لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەتەواوی هەڵبگرێ، مووشەکی دوورهاوێژیشی نەمێنێ، پڕۆکسییەکانی لە ناوچەکە نەهێڵێ، ببێتە وڵاتێکی ئاسایی، ئەمە بە زەحمەتی دەزانم ببێ. یاخوا ببێ، بەڵام من بە زەحمەتی دەزانم ئێران ئەوانە قبووڵ بکات. بەو بارەشدا ئێران دیارە بە خۆتان رەنگە ئەوە بزانن، گوشار زۆرە بەڵام بە هەر حاڵ دەڵێ براوەم. بۆچی دەڵێ براوەم لە شەڕەکەدا؟ چونکە هەر ئەوەی کە ماوە لەسەر دەسەڵات، ئەوان ئەوە بە براوە دادەنێن. دەنا روونە نە ئابوورییان ماوە، نە ژینگەیان ماوە، نە هێزی دەریایییان ماوە، نە هێزی ئاسمانییان ماوە، نە بەرگریی ئاسمانییان ماوە؛ وڵاتەکەیان وێرانە، بەڵام گوێ نادەنە ئەوانە. ئەوان گوێ نادەنە وڵات، گوێ نادەنە خەڵک، گوێ نادەنە ئابووری، بەس مانەوەی خۆیان لەسەر حوکم (بەلاوە گرنگە) و چونکە تاکو ئێستاش لەسەر حوکم ماونەتەوە خۆیان بە براوە دەزانن. جا چونکە خۆیان بە براوە دەزانن بە ئەمریکا دەڵێن خەرجیی زیانەکانمان دەبێ بداتێ، لە ناوچەکە هەمووی بڕوات و بنکەکانی کۆبکاتەوە. ئەوە زەحمەتە بۆ ئەمریکا ئەو کارە بکات؛ ئەمریکایەک کە ئەویش خۆی بە براوە دەزانێت. بۆیە دوو لایەنەکە زۆر دوورن جارێ لە یەکدی، با بزانین چی لێ دێت.
رووداو: پێت وایە قۆناخی جەنگ یان ئاشتی بۆ ئێران قورستر و زەحمەتتر دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات؟
عەبدوڵڵا موهتەدی: ئەگەر ناچار بێ ئەو مەرجانەی ئەمریکا قبووڵ بکات، ئەمن پێم وایە ئەوان مووشەکێکی ئەمریکاییان پێ خۆشترە لە قبووڵکردنی مەرجەکان.