45 رۆژە تەقتەق بێ دادوەر و داواکاریی گشتییە
رووداو دیجیتاڵ
ماوەی زیاتر لە 45 رۆژە دادوەر و داواکاری گشتیی قەزای تەقتەق لە شارەکە دەوام ناکەن و کارەکانیان بۆ دادگەی کۆیە گواستووەتەوە؛ قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، دادوەرەکان بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە ناگەڕێنەوە.
ئاسۆ مستەفا، قایمقامی قەزای تەقتەق، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "پێشتر خۆپێشاندانێک کراوە و بەشێک لە هاووڵاتییان چوونەتە ناو باڵەخانەی دادگە، دادوەرەکانیش دەڵێن تاوەکو لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکنەیەت و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە نەگیرێتەبەر کە ئەو کارەیان کردووە، ناگەڕێینەوە بۆ تەقتەق."
سەبارەت بە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو ئاڵۆزییانەی وایکرد دادوەرەکان شارەکە جێبهێڵن، قایمقامی تەقتەق ئاماژەی بەوە کرد، کێشەکە لە پەرچەکرداری هەندێک هاووڵاتییەوە دروستبووە کە پێشتر خانووەکانیان بەهۆی "زێدەڕۆییەوە" لەلایەن شارەوانییەوە رووخێندراوە.
ئەم بارودۆخە بارگرانیی بۆ هاونیشتمانییانی تەقتەق دروستکردووە، چونکە بۆ هەر مامەڵەیەکی یاسایی ناچارن رێگەی قەزای کۆیە بگرنەبەر. ئاسۆ مستەفا گوتی: "دادوەرەکان مانیان نەگرتووە، بەڵکو دەوامەکەیان گواستووەتەوە بۆ کۆیە و لەوێ کارەکانی هاووڵاتییان بەڕێدەکەن."
لەبارەی هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی دادوەرەکان، قایمقامی تەقتەق رایگەیاند کە پەیوەندییان بە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر کردووە و ئێستا چاوەڕێی بڕیاری ئەوانن. گوتیشی: "چاوەڕێ دەکەین لیژنەی لێکۆڵینەوە بنێردرێت؛ ئیدی بڕیار دەدرێت هەر ئەو دادوەرانە بنێردرێنەوە یان دادوەری نوێ بۆ قەزاکە دابنرێت، تاوەکو کاروباری رۆژانەی هاووڵاتییان ئاسایی ببێتەوە."