شارەوانیی هەولێر: سزای ئەو کەسانە دەدەین زبڵ لە شوێنە گشتییەکان فڕێ دەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر هۆشداری دەداتە ئەو کەسانەی ژینگەی "کۆرنیش" و شوێنە گشتییەکانی شارەکە دەشێوێنن و رایدەگەیێنێت، هەر کەسێک زبڵ و خاشاک فڕێ بدات سزادەدرێت؛ داواش لە هاونیشتمانییان دەکات وێنە و ڤیدیۆی سەرپێچیکارانیان بۆ بنێرن.
 
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا پاشماوەیەکی زۆر لە کۆرنیشی هەولێر دەبینرێت، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە رادیۆی رووداوی گوت: "بەداخەوە بەشێک لە هاووڵاتییان هاوکار نین و وەکو پێویست ژینگەی شارەکە ناپارێزن، لەکاتێکدا تیمەکانی ئێمە بەردەوامن و زۆرجار تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو لە ئەرکدان بۆ پاراستنی پاکوخاوێنیی ناوشار و شوێنە گشتییەکان."
 
سەبارەت بە سزادانی سەرپێچیکاران، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، رێکاری تووند دەگیرێتەبەر و گوتی: "تاوەکو ئێستا چەندین کەس لەسەر فڕێدانی زبڵ سزادراون. بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ، ئەگەر لە نێو ئۆتۆمبێلێکەوە زبڵ فڕێ بدرێت، سزای پێبژاردن بۆ ئۆتۆمبێلەکە دەکرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر شۆفێرەکە دەگیرێتەبەر."
 
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر داوای لە هاونیشتمانییان کرد بببنە هاوکاریان لە پاراستنی سیمای پایتەخت و رایگەیاند: "داوا لە هاووڵاتییان دەکەین هەرکەسێک دەبینن زبڵ فڕێ دەدات، تەنیا وێنەی ئۆتۆمبێلەکە یان ڤیدیۆی ئەو کارەی دەیکات بۆ پەیجی فەرمیی شارەوانیی هەولێر بنێرن، تاوەکو ئێمە رێکاری پێویستیان بەرامبەر بگرینەبەر."