داودئۆغڵو: لە کەرکووک برایەتی و پێکەوەژیان سەرکەوت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی ئاییندەی تورکیا پیرۆزبایی لە محەممەد سەمعان ئاغا دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک و رایدەگەیێنێت، "لە کەرکووکدا برایەتی و پێکەوەژیان سەرکەوت."
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا کەرکووکی بە "شاری دڵان" ناوبرد کە بە خۆشەویستی چنراوە. داودئۆغڵو نووسیویەتی: "تورک، کورد و عەرەب، لەم شارەدا بران. کەرکووک بێگانە نییە، نیشتمانە."
سەرۆکی پارتی ئایندە ئاماژەی بەوە کردووە بە تەلەفۆن پەیوەندی بە محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانییەوە کردووە و پیرۆزبایی لێکردووە. داودئۆغڵو دەڵێت: "زۆر دڵخۆش بووم بە هەڵبژاردنی محەممەد سەمعان ئاغای برای بەڕێزم وەک پارێزگاری کەرکووک. پیرۆزبایی لە هەموو خوشک و برا تورکمان، کورد و عەرەبەکانمان لە کەرکووک دەکەم، کە ئەم ئیرادەیەی سازانیان نیشان دا."
داودئۆغڵو لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لە گرنگیی ئەم هەنگاوە کردەوە و رایگەیاند: "لە کەرکووک برایەتی سەرکەوت، یەکڕیزی سەرکەوت، پێکەوەژیان و ئیرادەی داهاتووی هاوبەش سەرکەوت. کەرکووک شاد بێت؛ هیوادارم داهاتووی وەک شاری ئاشتی، ئارامی و دادپەروەری هەمیشەیی بێت."
رۆژی پێنجشەممە 16ـی نیسانی 2026، محەممەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک هەڵبژێردرا، ئەوەش دوای دەستلەکارکێشانەوەی رێبوار تەها لەو پۆستە.
محەممەد سەمعان لە یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی خۆیدا دوای وەرگرتنی پۆستەکە، هەڵبژاردنی تورکمانێکی بە "کۆتاییهاتنی حەسرەتێکی 100 ساڵە" وەسف کرد.