کەسێکی نزیک لە سلێمان هەڵشۆیی: نزیکەی مانگێکە ئازادکراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی لە زیندان 86 کەس دەستگیرکرابوون، بەڵام دوای سێ مانگ هەر یەکێکیان بە بارمتەی سێ تاوەکو 190 ملیۆن دینار ئازاد کران. تاکە تۆمەتباری کەیسەکە کە مابوو خودی سلێمان هەڵشۆیی بوو. 

بەپێی گوتەی کەسێکی نزیک لە سلێمان هەڵشۆیی، ماوەی زیاتر لە مانگێکە هەڵشۆیی ئازادکراوە بە بارمتەی 200 ملیۆن دینار، بەڵام پۆلیسی راپەڕین پشتڕاستی ناکەنەوە.

لە پۆلیسی راپەڕین هەزار و 200 کەس کە مەزەندە دەکرێت سلێمان هەڵشۆیی 15 ملیۆن دۆلاری "خواردبن" سکاڵایان لە دژی تۆمارکردووە. نوێنەری ئەو کەسانەی کە پارەیان دابووە سلێمان هەڵشۆیی، بێهیوا بووە کە پارەکانیان بۆ بگەڕێتەوە.

بایز ئەحمەد، نوێنەری خاوەن قەرزەکانی سلێمانی هەڵشۆیی بە رووداو راگەیاند، "سلێمان هەڵشۆیی ئازادبێت یاخود نا هیچ لە دۆخی ئێمە ناگۆڕێت چونکە ئەو هیچ پارەی پێنەماوە بیداتەوە بە خەڵکی. باوەڕمان وایە ئەگەر پێش ئازادکردنی سوڵحێکی عەشایەری نەکرێت کێشەکە گەورەتر بێت." 

بایز ئەحمەد باسی لەوەش کرد، "لە کەیسی سلێمان هەڵشۆیی دەستێوەردانی زۆر هەبووە، خەڵکی بەرپرس هەیە ئێستاش دەستێوەردان دەکەن، هەوڵ دەدەن ئەو کەسانەی کە دەستگیرکرابوون و بە کەفالەت ئازادکرابوون ئیتر دەستگیرنەکرێنەوە چونکە ئەو کەسانە پارەیەکی باشیان دەستکەوتووە و ئێستاش مامەڵە دەکەن بە پارەی ئەو خەڵکە." 

پەیامنێری رووداو لەگەڵ پارێزەری سلێمان هەڵشۆیی قسەی کرد. ئەو گوتی نایەوێت بۆ کامێرا قسە بکات، بەڵام لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن و هیچ تۆمەتێکیش بەسەر سلێمان ساخ نەبووەتەوە

هەنگاو ئەحمەد، پارێزەری سلێمانی هەڵشۆیی بە رووداوی گوت، "سلێمان هەڵشۆیی بە ماددەی 450ـی سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە، ئەو ماددەیەش بە ئاسانی کەفالەت دەیگرێتەوە، بۆیە ئازاد دەکرێت. لە راستیشدا دەبوو زووتر ئازاد بکرایە هیچ کەسێکیش نەبووە هێندەی ئەو لەسەر ئەو ماددەیە، ئەوەندە دەستبەسەرکرابێت، بەڵام لەبەر ئەوەی رێژەی سکاڵاکار و بڕە پارە دیارنەماوەکە زۆربوو، بۆیە دادوەر ئەوەندە هێشتییەوە. هێشتا لێکۆڵینەوەکانیش تەواو نەبوون و زۆریان ماوە." 

پۆلیسی راپەڕین، دەڵێن هیچ کام لە سکاڵاکارەکان سکاڵایان نەکشاندووەتەوە، بەڵام ئەو بابەتە پێویستی بە چارەسەری دیکە هەیە.

شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوە دا، "بۆ خودی تۆمەتبار سلێمان هەڵشۆیی و سەرجەم تۆمەتبارەکانی دیکە وا باشترە لە گرتن و گواستنەوە بێنە دەرەوە تاوەکو لە دەرەوەی زیندان چارەسەرێک بۆ کێشەکانیان بدۆزنەوە، بۆ نموونە بتوانن قەرەبووی ئەو خەڵکە بکەنەوە کە سکاڵای لەسەریان هەیە." 

زۆرینەی خاوەن قەرزەکان رازی بوون بە لێخۆشبوونی 25%ـی پارەکانیان. بڕیاریشە نوێنەری خاوەن قەرزەکان و پارێزەری سلێمان هەڵشۆیی یەکتر ببینن و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە بدەن.